Accessibility links

زیاتر له‌ 500 هه‌زار كه‌س به‌هۆی ئاگره‌كانی سـتانی كالیفۆرنیا ئاواره‌بوون


تیمه‌كانی ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌سه‌رانسه‌ری ڕۆژئاوای ئه‌مریكا بۆ چوارهه‌م ڕۆژ له‌سه‌ر یه‌ك له‌ كۆشـشدان له‌پـێناو دامركاندنه‌وه‌ی ئاگری به‌رفراوانی ده‌شت و كێوه‌كانی باشوری سـتانی كالیفۆرنیا، ئه‌و ئاگره‌ی كه‌ تاكو ئێسـتا زیاتر له‌ 1500 ماڵ و باڵه‌خانه‌ی سـووتاندووه‌ و بووه‌ته‌ مایه‌ی ئاواره‌بوونی پـتر له‌ نیو ملیۆن كه‌س.

هه‌روه‌ها ئاگره‌كه‌ كه‌ به‌هۆی ڕه‌شـه‌بای وشك و گه‌رمه‌وه‌ بڵاوبۆته‌وه‌، نزیكه‌ی 120 هه‌زار هێـكتار ڕووبه‌ری خاكی له‌ لۆس ئه‌نجلسه‌وه‌ له‌ باكور هه‌تا سانتیاگۆ و سـنووره‌كانی ئه‌مریكا له‌گه‌ڵ مه‌كسیك له‌ باشور سووتاندووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ شه‌هرداری سـتانی كالیفۆرنیا ئارنۆڵد شوارزنێـگه‌ر ده‌ڵێت هێشـتا به‌ لایه‌نی كه‌م 68 هه‌زار ماڵ له‌ مه‌ترسی سوتاندندان، وه‌ زیاتر له‌ 6 هه‌زار كارمه‌ندی ئاگركوژێنه‌وه‌ له‌ هێـڵه‌كانی پـێشـه‌وه‌ی به‌ گژداچوونه‌وه‌ی ئاگره‌كه‌دان. كاربه‌ده‌سـتانی خۆجێی ده‌ڵێن كه‌ل و په‌ل و تواناكانیان به‌ كوژاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كان ماندوو بووه‌.

به‌پـێی شـاره‌زایانی كه‌ش و هه‌وا پـێشـبینی ده‌كرێت ئه‌و ڕه‌شه‌بایه‌ی كه‌ به‌ سانتا ئانا ناسراوه‌ و خێرایـیه‌كه‌ی نزیكه‌ی 100 كیلۆمه‌تره‌ له‌ كاژێرێـكدا چوارشه‌ممه‌ هێور بـبێته‌وه‌. ده‌سه‌ڵاتدران هیوادارن نزم بوونه‌وه‌ی پله‌ی گه‌رما و به‌رزبوونه‌وه‌ی ڕاده‌ی شێ یارمه‌تی بدات له‌ دامركاندنه‌وه‌ی ئاگره‌كان.

XS
SM
MD
LG