Accessibility links

گه‌وره‌ وتووێـژكاری ناوه‌كی ئێران ده‌ست له‌كار ده‌كێشـێته‌وه‌


وته‌بێژی حكومه‌تی ئێرانی ده‌ڵێت عه‌لی لاریجانی به‌رپـرسی باڵای ئێرانی بۆ دانوسـتاندنه‌كانی په‌یوه‌ست به‌ پـرۆگرامی ناوه‌كی مشـتومڕ له‌سه‌ری ئێرانی ده‌سـتی له‌ كاره‌كه‌ی كێشـاوه‌ته‌وه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵه‌كانی ئێرانی له‌ زاری غولام حوسه‌ینی ئیلهامی وته‌بێژی حكومه‌تی تاران ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت ڕۆژی شه‌ممه‌ عه‌لی لاریجانی كه‌ بۆ چه‌ند جارێـك ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ی خۆی ڕاگه‌یاندووه‌، ده‌رئه‌نجام مه‌حمود ئه‌حمه‌دی نه‌ژادی سه‌رۆكی ئێرانی داواكاریـیه‌كه‌ی لاریجانی په‌سه‌ندكرد.

هه‌تا ئێسـتا هیچ هۆكارێـكی ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ی ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ عه‌لی لاریجانی ڕایگه‌یاندبوو له‌م هه‌فته‌یه‌دا و له‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا له‌ ڕۆم وتووێـژی چڕ و پـڕ له‌گه‌ڵ خافێر سۆلانای به‌رپـرسی سـیاسه‌تی ده‌ره‌وه‌ی یه‌كێتی ئه‌وروپا ئه‌نجام ده‌دات، سه‌باره‌ت به‌و وتووێـژانه‌ وته‌بێژی حكومه‌تی ئێرانی ده‌ڵێت جێـگره‌وه‌كه‌ی به‌ڕێز لاریجانی كه‌ پـێشبینی ده‌كرێت سه‌عید جه‌لالی جێـگری وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ بێت، ئه‌و وتووێژه‌كان له‌ ڕۆم له‌گه‌ڵ سۆلانا ئه‌نجام ده‌دات.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هه‌ندێ له‌ وڵاتانی ڕۆژئاوایی ئێران به‌ هه‌وڵی نهێنی بۆ به‌رهه‌مهێنانی چه‌كی ناوه‌كی تاوانبار ده‌كه‌ن. هه‌رچی تارانیـشه‌ ده‌ڵێت پـرۆگرامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی بۆ خزمه‌تگوزاری ئاشـتیـیانه‌یه‌.

XS
SM
MD
LG