Accessibility links

هۆشـیار زێباری ده‌ڵێت ئێمه‌ دژی هه‌ر له‌شـكركێشیـیه‌كی توركیاین بۆ ناو خاكی عێراق


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشـیار زێباری ده‌ڵێت هه‌ر هێرشـێـكی له‌شـكری توركیا بۆ سه‌ر باكوری عێراق له‌ دژی سه‌رهه‌ڵـداوانی كورد ئاكامی ترسـناكی بۆ سه‌ر ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی لێ ده‌كه‌وێته‌وه‌.

هۆشـیار زێباری به‌ به‌شـی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكای گوت كه‌وا بوونی سه‌رهه‌ڵـداوانی كوردی توركیا له‌ ناو خاكی عێراق نه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی عێراقه‌ و نه‌ به‌ ڕه‌زامه‌ندی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردسـتانه‌. به‌ڵام گوتیشی ئه‌و بڕیاره‌ی په‌رله‌مانی توركیا كه‌ ڕێـگه‌ به‌ كرده‌وه‌ی له‌شـكری له‌ دژی سه‌رهه‌ڵداوانی كوردی توركیا له‌ باكوری عێراق ده‌دات ڕه‌نگه‌ ناوچه‌كه‌ نائارام بكات. هه‌روه‌ها گوتیشی ئه‌م هه‌نگاوه‌ سه‌روه‌ری عێراق پـێـشێـل ده‌كات.

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیاش عه‌لی باباجان، كه‌ له‌ وڵاتی میسره‌، گوتی په‌رله‌مانی توركیا بۆیه‌ ئه‌م بڕیاره‌ی داوه‌ چونكه‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌ردوو حكومه‌تی ئه‌مریكا و عێراق بۆ نه‌هێشـتنی تێرۆریزم شـكستی هێناوه‌.

گوته‌بێژی حكومه‌تی عێراقیش عه‌لی ئه‌لده‌باغ، كه‌ به‌ سه‌ردانێـك له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكایه‌، داوای له‌ توركیا كرد سـنووری عێراق نه‌به‌زێنێت. عه‌لی ئه‌لده‌باغ كه‌ له‌ كۆشـكی سـپـی بۆ په‌یامنێران ده‌دوا، گوتیشی كێشه‌ی سه‌رهه‌ڵـداوانی كورد به‌ ڕێی شه‌ڕی سه‌ربازی چاره‌سه‌ر ناكرێت.

هاوكارمان حه‌یده‌ر كه‌ریم گفتوگۆیه‌كی له‌گه‌ڵ هۆشـیار زێباری ئه‌نجام داوه‌، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی گفتوگۆكه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG