Accessibility links

سه‌رۆك بوش داوا له‌ ڕێبه‌رانی چین ده‌كات له‌گه‌ڵ ده‌لای لاما وتووێـژ بكه‌ن


له‌ ده‌مه‌ی پـێشـكه‌شـكردنی شـكۆمه‌ندترین خه‌ڵاتی ڕێزلێـنانی كۆنگرێسی ئه‌مریكا بۆ كه‌سـانی سڤیل، به‌ ده‌لای لامای ڕێبه‌ری ڕوحی تبته‌كان، سه‌رۆك بوش داوای له‌ ڕێبه‌رانی چین كرد وتووێـژی له‌گه‌ڵ ئه‌و كه‌سـایه‌تیـیه‌دا بكه‌ن.

سه‌رۆك بوش ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ گوتی ئه‌و خواسـتیاره‌ په‌كین ده‌لای لاما وه‌ك پـیاوێـكی ئاشـتیخواز سه‌یر بكات.

سه‌رۆك بوش له‌ میانه‌ی ڕێوڕه‌سـمێـكدا له‌ باڵه‌خانه‌ی كۆنگرێس ڕاسـته‌وخۆ مه‌دالیای زێڕینی كۆنگرێسی به‌ پـیاوی ئاینی بودی ته‌مه‌ن 72 ساڵ به‌خشی ، سه‌ره‌ڕای ناڕه‌زایی توندی په‌كین.

له‌ به‌رامبه‌ریشـدا ده‌لای لاما له‌ قسه‌كانیدا بۆ ئه‌و سه‌دان كه‌سه‌ی كه‌ ئاماده‌ی ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ بووبوون، سوپاسی ئه‌مریكایـیه‌كانی كرد بۆ ئه‌و پـشـتیوانیـیه‌ به‌هێز و نه‌گۆڕه‌یان له‌ گه‌لی تبت. گوتیشی ئه‌م خه‌ڵاته‌ی كۆنگرێس په‌یامێـكی به‌هێز بۆ ئه‌و كه‌سـانه‌ ده‌نێرێت كه‌ ژیانی خۆیان بۆ ئاشـتی ته‌رخان كردووه‌.

هه‌روه‌ها ده‌لای لاما له‌ قسه‌كانیدا خواستی گه‌لی تبت بۆ به‌ده‌سـتهێنانی ئۆتۆنۆمی له‌ چوارچێوه‌ی وڵاتی چیندا دووپات كرده‌وه‌.

چینیش لای خۆیه‌وه‌ ڕێوڕه‌سمه‌كه‌ی سه‌رزه‌نشت كرد و به‌ گاڵته‌جاڕی ناوزه‌ندیكرد.

شـایانی باسه‌ هه‌ر له‌م هه‌فته‌یه‌ چین وه‌ك ناڕه‌زایی به‌رامبه‌ر به‌م هه‌نگاوه‌ی ئه‌مریكا خۆی له‌و وتووێـژه‌ نێونه‌ته‌وه‌یـیانه‌ كشـانه‌وه‌ كه‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران به‌ڕێوه‌ی ده‌بات.

مانگی ڕابردووش په‌كین به‌شـداریـكردنی له‌ وتووێـژه‌كانی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤی سـاڵانه‌ی له‌گه‌ڵ ئه‌ڵمانیادا هه‌ڵوه‌شـانده‌وه‌، پاش ئه‌وه‌ی ئه‌نگێـلا مێركڵی ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا چاوی به‌ ده‌لای لاما كه‌وت.

XS
SM
MD
LG