Accessibility links

جێـگری سه‌رۆكی عێراق گه‌یشته‌ توركیا بۆ وتووێـژكردن سه‌باره‌ت به‌ گرژیـیه‌كانی سه‌ر سـنووری نێوانیان


تاریق ئه‌لهاشمی جێـگری سه‌رۆكی عێراق له‌ سه‌ردانێـكدایه‌ بۆ توركیا وه‌كو هه‌وڵـێـك بۆ ئه‌وه‌ی وا له‌ حكومه‌تی توركیا بكات له‌شـكركێشی نه‌كه‌نه‌ سه‌ر باكوری عێراق، ئه‌و هه‌ڵمه‌ته‌ له‌شـكریـیه‌ی كه‌ توركیا به‌نیازه‌ دژی بنكه‌كانی سه‌رهه‌ڵـداوانی كورد له‌ خاكی عێراقدا ئه‌نجامی بدات.

حكومه‌تی توركیا په‌سه‌ندكردنی په‌رله‌مانی توركیای گه‌ره‌كه‌ بۆ شـیانی هه‌ڵمه‌تێـكی له‌شـكری سـنووربه‌زێنی باكوری عێراق. بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕه‌نگه‌ په‌رله‌مان ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ده‌نگدان له‌و باره‌یه‌وه‌ سـازبدات.

به‌ڕێز هاشمی له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ حكومه‌تی عێراق دژی هه‌ر هه‌ڵمه‌تێـكی سـنووربه‌زێنی عێراقه‌.

له‌لای خۆیه‌وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی توركیا ڕه‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆگان ڕایگه‌یاند كه‌ په‌سه‌ندكردنی ئه‌و بڕیاره‌ ئه‌وه‌ ناگه‌یه‌نێت كه‌ هه‌ڵمه‌ته‌ له‌شـكریـیه‌كه‌ ده‌ستـبه‌جێـیه‌، به‌ڵام گوتی توركیا له‌ كاتی گونجاودا به‌رگری له‌خۆی ده‌كات به‌پـێی هه‌لومه‌رجی گونجاو.

له‌ عێراق وته‌بێژی حكومه‌ت عه‌لی ئه‌لدباغ سه‌رله‌نوێ هانی توركیای دا كه‌ به‌ شـێوازی به‌كارهێنانی هێز ڕه‌فتار له‌گه‌ڵ سه‌رهه‌ڵـداوانی كورددا نه‌كه‌ن، بۆ ڕاگرتنی هێرشی سه‌رهه‌ڵـداوان دژی باشوری ڕۆهه‌ڵاتی توركیا.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ بڕیاره‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق نوری ئه‌لمالیكی كۆبوونه‌وه‌یه‌كی نا ئاسـایی له‌گه‌ڵ گه‌وره‌ یاریده‌ده‌رانیدا سـازبدات بۆ تاوتوێـكردنی بارودۆخه‌كه‌.

شـایانی ئاماژه‌ پـێدانه‌ توركیا وه‌باڵی ئه‌و هێرشـانه‌ی كه‌ له‌ ماوه‌ی دوو هه‌فته‌ی ڕابردوودا 30 سه‌رباز و خه‌ڵـكی سڤیلی كوشت، ده‌خاته‌ ئه‌سـتۆی پارتی كرێـكارانی كوردسـتان ناسـراو به‌ په‌كه‌كه‌ له‌ بنكه‌كانی باكوری عێراقـیانه‌وه‌.

XS
SM
MD
LG