Accessibility links

سه‌رۆكی توركیا بڕیاره‌كه‌ی كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌مریكای سه‌رزه‌نشت كرد


عه‌بدوڵـڵا گولی سه‌رۆكی توركیا ئه‌و بڕیاره‌ی سه‌رزه‌نشت كرد كه‌ له‌ لایه‌ن كۆمیته‌یه‌كی خانه‌ی نوێنه‌رانی ئه‌مریكاوه‌ په‌سه‌ند كرا و‌ تیایدا كوشـتنی به‌كۆمه‌ڵی ئه‌رمه‌نه‌كان له‌ سه‌ره‌تاكانی سه‌ده‌ی بیستدا و له‌ سه‌رده‌می ئیمبراتۆریـیه‌تی عوسـمانیدا به‌ جینۆسـاید ڕاگه‌یاند.

ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ كۆمیته‌ی كاروباری ده‌ره‌وه‌ی خانه‌ی نوێنه‌ران به‌ 27 ده‌نگ به‌رامبه‌ر به‌ 21 ده‌نگ بڕیاره‌كه‌یان په‌سه‌ندكرد. ئیتر بڕیاره‌كه‌ ده‌چێته‌ به‌رده‌م هه‌ر 435 ئه‌ندامه‌كه‌ی خانه‌ی نوێنه‌ران تا هه‌موویان ده‌نگی له‌سه‌ر بده‌ن.

به‌ڕێز گول ده‌ڵێت ئه‌و گه‌ڵاڵه‌نامه‌یه‌ په‌سه‌ند ناكرێت، وه‌ هیچ به‌هایه‌كی له‌نێو‌ گه‌لی توركدا نیـیه‌. گول ده‌شـڵێت ئه‌و ئه‌ندامانه‌ی خانه‌ی نوێنه‌ران كه‌ ده‌نگیان بۆ بڕیاره‌كه‌ داوه‌ له‌ پـێناو چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندیـیه‌كی سیاسی بچوكدا هه‌ستی گشتیـیان فه‌رامۆش كردووه‌.

گروپه‌ ئه‌رمه‌نیـیه‌ ئه‌مریكایـیه‌كانیش خۆشـحاڵی خۆیان ده‌ربڕی به‌رامبه‌ر به‌ بڕیاره‌كه‌، به‌ڵام ده‌یانگوت ئه‌مه‌ دانپـیادانانێـكی دره‌نگی ئه‌مریكا بووه‌ به‌ یه‌كه‌م جینۆسـایدی سه‌ده‌ی بیسـتدا.

سه‌باره‌ت به‌م بابه‌ته‌ هه‌ردوو په‌یامنێری به‌شی ئینگلیزی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ واشـنتۆن، مارگرێت به‌شیر و دان ڕۆبنسۆن، دوو ڕاپـۆرتیان ئاماده‌كردووه‌ و هاوكارانمان حه‌یده‌ر كه‌ریم و شـایان پاشا و كاوه‌ كرمانج وه‌ریانگێڕاوه‌ته‌ سه‌ر زمانی كوردی، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتیان بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و دوو فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG