Accessibility links

عێراق داوای 136 ملیۆن دۆلار بۆ قه‌ره‌بووی خێزانی قوربانیـیانی ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی بلاكوه‌ته‌ر ده‌كات


حكومه‌تی عێراق داوای له‌ كۆمپانیای ئاسایشی بلاكوه‌ته‌ری ئه‌مریكایی كردووه‌ 136 ملیۆن دۆلار به‌ خێزانی ئه‌و قوربانیـیانه‌ بدات كه‌ له‌ ته‌قه‌كردنه‌كه‌ی ئه‌م دوایـیه‌ی كۆمپانیای ناوبراودا كوژران.

ئه‌م داواكاریـیه‌ له‌ نێو ڕاپـۆرتێـكی حكومه‌تی عێراقیدا هاتووه‌ كه‌ له‌سه‌ر ڕووداوه‌كه‌ی 16 ی مانگی نۆی گۆڕه‌پانی نسـوری ڕۆژئاوای به‌غدا ئاماده‌كراوه‌. ڕاپـۆرته‌كه‌ پاسه‌وانانی ئاسایشی سه‌ر به‌ بلاكوه‌ته‌ر تاوانبار ده‌كات به‌وه‌ی به‌ ئه‌نقه‌ست ئه‌و 17 كه‌سه‌یان له‌ ته‌قه‌كردنه‌كه‌دا كوشـتووه‌.

ئه‌سـۆشـێتد پـرێس ده‌ڵێت هه‌روه‌ها له‌ نێو ڕاپـۆرته‌كه‌دا داواكاری ئه‌وه‌ هاتووه‌ كه‌ حكومه‌تی ئه‌مریكا له‌ ماوه‌ی شه‌ش مانگدا په‌یوه‌ندیـیه‌كانی خۆی له‌گه‌ڵ بلاكوه‌ته‌ردا بۆ كاره‌كانی ناو عێراقی كۆتایی پـێبهێنێت.

بلاكوه‌ته‌ر پـێشتر گوتویه‌تی كه‌وا پاسه‌وانه‌كانی به‌ شـێوه‌یه‌كی قانونی وه‌ڵامی هێرشـێـكیان داوه‌ته‌وه‌ كه‌ كرابووه‌ سه‌ر كاروانێـكی دیبلۆماتانی ئه‌مریكایی له‌و ده‌مه‌ی ئه‌ركی پاراسـتنیانیان له‌ سه‌رشـان بووه‌.

ڕووداوه‌كه‌ هێشـتا له‌ ژێر لـێـكۆڵینه‌وه‌دایه‌ له‌ لایه‌ن له‌شكری ئه‌مریكا و FBI و هه‌روه‌ها كۆمیته‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكایی و عێراقی.

XS
SM
MD
LG