Accessibility links

په‌روێز موشه‌ڕه‌ف هه‌ڵبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی ده‌باته‌وه‌، به‌ڵام به‌ فه‌رمی نا


سه‌رۆكی پاكسـتان په‌روێز موشه‌ڕه‌ف زۆربه‌ی ده‌نگه‌كانی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی وڵاته‌كه‌ی برده‌وه‌، به‌ڵام هێشـتا له‌وانه‌یه‌ دادگای باڵا ئه‌نجامه‌كان هه‌ڵبگێڕێته‌وه‌.

سه‌رۆكی كۆمسیۆنی هه‌ڵـبژاردنه‌كان قازی محه‌مه‌د فاروق ده‌ڵێت له‌ كۆی ئه‌و 257 ده‌نگه‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ په‌رله‌مان ده‌نگیان دا، ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ره‌ف 252 ده‌نگی برده‌وه‌‌. سێ ده‌نگ له‌ لایه‌ن دادوه‌ر به‌تاڵ كرایه‌وه‌ و دوو ده‌نگیش بۆ ڕكابه‌ره‌ سه‌ره‌كیـیه‌كه‌ی موشه‌ڕه‌ف، دادواری خانه‌نشین واجیهوودین ئه‌حمه‌د دراوه‌.

ته‌له‌فیزیۆنی پاكسـتان ده‌ڵێت هه‌روه‌ها ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ڕه‌ف له‌ كۆی هه‌ر چوار ئه‌نجومه‌نی هه‌رێمه‌كانی پاكسـتان له‌ سیانیان سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌ڵام ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ڕه‌ف ناتوانێت به‌ فه‌رمی سه‌ركه‌وتنی خۆی ڕابگه‌یه‌نێت تاكو دادگای باڵا بڕیار له‌سه‌ر ئه‌و سـكاڵایانه‌ نه‌دات كه‌ بۆی به‌رزكراونه‌ته‌وه‌ و تیایدا باس له‌ نا ڕه‌وایی گرتنه‌ ده‌ستی پـۆستی سه‌رۆكایه‌تی بۆ جارێـكی دیكه‌ له‌ لایه‌ن موشه‌ڕه‌فه‌وه‌ ده‌كه‌ن له‌و ده‌مه‌ی كه‌ ئه‌و هێشـتا سه‌رۆكی له‌شـكری وڵاته‌. دادگاكه‌ 17 ی مانگی ده‌ ده‌ست به‌ دانیشـتنه‌كانی له‌و مه‌سه‌له‌یه‌ ده‌كات.

ڕۆژی هه‌ینی په‌روێز موشه‌ڕه‌ف بڕیاری لـێـبووردنی بۆ سه‌رۆك وه‌زیری پـێشوو به‌نه‌زیر بۆتۆ و چه‌ند سـیاسه‌تمه‌دارێـكی دیكه‌ ده‌ركرد، له‌ هه‌وڵـێـكدا بۆ ڕێ خۆشكردن له‌ به‌رده‌م ڕێـكـكه‌وتنێـك بۆ دابه‌شـكردنی ده‌سه‌ڵات له‌ نێوانیاندا.

XS
SM
MD
LG