له واشنتۆنی پایته‌خت، خولی چواره‌می ڤیستیڤاڵێكی هونه‌ری فلیمی نێونه‌ته‌وه‌یی له
ژێر ناونیشانی " All Roads Film Festival " به‌ڕێده‌چێت. ئه‌م ڤیستیڤاڵه له نێوان ڕۆژانی 4 - 7 ی مانگی ئۆكتۆبه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت و تیایدا 20 كه‌لتور و 17 ووڵاتی جیاواز به‌شداری ده‌كه‌ن.
له نێو ئه‌و كارانه‌ی به‌شداری ئه‌م ڤیستیڤاڵه ده‌كه‌ن، دوو فلیمی كوردییه به ناونیشانی " دۆڵ" و " ده‌ف". كۆمپانیای " میتۆس فیلم" ی بنكه له ئه‌ڵمانیا سه‌رپه‌رشتی به‌شداری كردنی ئه‌م فلیمانه‌ی كردووه.
فلیمی "دۆڵ" له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند هونه‌ر سه‌لیم له ڕۆژی 4 ی مانگی ئۆكتۆبه‌ر نمایش ده‌كرێت. ئه‌م فلیمه باس له ڕه‌وشی ناهه‌موار و توندوتیژییه‌كانی ناوچه كوردییه‌كانی توركیا و ئێران و عێراق ده‌كات.
فلیمی " ده‌ف" له ده‌رهێنانی هونه‌رمه‌ند به‌همه‌نی قوبادی له ڕۆژی 7 ی مانگی ئۆكتۆبه‌ر نمایش ده‌كرێت. ئه‌م فلیمه‌ش باس له خێزانێكی هه‌ژاری كوردستانی ئێران ده‌كات كه له ڕێگه‌ی شاره‌زایی دروستكردنی ده‌ف و به‌كارهێنانی وه‌ك ئامڕازێكی موزیكی بژێوی ژیانی خۆیان ده‌به‌نه سه‌ر.
كۆمپانیای "میتۆس فیلم" كاروباری سازكردن و بڵاوكردنه‌وه‌ی فلیمی كوردی ئه‌نجام ده‌دات. خاوه‌نه‌كانی ئه‌م كۆمپانیایه ڕێزدار مه‌همه‌ت ئاكتاش و خانم سینۆڤا به‌ندكسن سه‌ردانی به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مه‌ریكایان كرد و هاوكاران فه‌خرییه دۆسكی و ده‌خیلی شه‌ممۆ گفتوگۆیان له‌گه‌ڵدا ئه‌نجامدان. بۆ گوێگرتن له ته‌واوی گفتوگۆكه، كلیكی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بكه.