Accessibility links

لێکۆڵه‌ره‌وان هۆکاری کوشنده‌یی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌


تیمێکی لێکۆڵه‌ره‌وان و شاره‌زایانی نێونه‌ته‌وه‌یی ڕاده‌گه‌یه‌نن هۆکاری کوشنده‌یی ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌یان دۆزیوه‌ته‌وه‌. وا ده‌رده‌که‌وێت که‌وا ئه‌م نه‌خۆشی‌یه‌ کوشنده‌یه‌ کارده‌کاته‌ سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر له ئۆرگانه‌کانه‌کانی له‌شی مرۆڤ و هه‌روه‌ک زانایان ده‌ڵێن بێ له‌ زیان گه‌یاندن به‌ سی‌یه‌كان و کۆئه‌ندامی هه‌ناسه‌، ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده توانای کوشتنی کۆرپه‌ی ناو سکی ژنی دووگیانی هه‌یه‌.

زانایان هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ڤاکسین ده‌ده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی مرۆڤ خۆی پێ بکوتنێێت و له تووشبوونی به‌ ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ بپارێزێت. هه‌روه‌ها هه‌وڵی دۆزینه‌وه‌ی ده‌رمان بۆ چاره‌سه‌رکردنی تووشبووان ده‌ده‌ن.

له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا، کاری زۆر که‌م کراوه‌ بۆ ئه‌وه‌ی به‌ ته‌واوه‌تی بزانرێت ڤایرۆسی چ جۆره‌ زیانێک به‌ له‌شی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت و ئه‌مه‌ش به‌ پێی پرۆفیسۆر ئایان لیپکن مامۆستا له زانکۆی کۆڵه‌مبیا له نیویۆرک.

لیپکن ده‌ڵێت توێژینه‌وه‌ی له‌سه‌ر لاشه‌ی دوو که‌س کردووه‌ که له ئه‌نجامی تووشبوونیان به‌ ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ گیانیان له ده‌ستداوه‌ و بۆی ده‌رکه‌وتووه‌ که‌وا ئه‌م نه‌خۆشی‌یه‌ به‌ شێوه‌یه‌کی سه‌ره‌کی کارده‌کاته سه‌ر سی‌یه‌کان و زیانێکی پتر له ڕاده‌ و چاوه‌ڕوان نه‌کراو به‌ له‌شی مرۆڤ ده‌گه‌یه‌نێت. به‌ڵام بێ له‌سی‌یه‌کان، زانایان بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ که‌وا ئه‌م نه‌خۆشی‌یه‌ به‌ ناو کۆئه‌ندامی هه‌رس‌دا بڵاوبۆته‌وه‌ و هه‌روه‌ها ئه‌و هه‌وبوونه‌ی که تووشی مرۆڤ دێت له مێشک و کۆئه‌ندامی زاووزێ‌دا دۆزراوه‌ته‌وه‌.

دکتۆر لیپکن ده‌ڵێت له یه‌کێک له‌و لاشانه‌ی ته‌ماشای کردووه‌، ڤایرۆسی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ له‌ناو توره‌که‌ی ئاویی و کۆرپه‌له‌که‌ی ناویدا دۆزراوه‌ته‌وه‌. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات که‌ ئه‌م ڤایرۆسه‌ تووشی منداڵی له دایک نه‌بووش ده‌بێت. ئه‌مه‌ش ده‌ریده‌خات که‌ ڤایرۆسه‌که‌ کار له‌سه‌ر هه‌موو سیسته‌می خۆپاراستنی له‌شی مرۆڤ ده‌کات.

دۆکتۆر لیپکن گوتی ئه‌مه‌‌ش خۆی له‌ خۆیدا هه‌واڵێکی باشه و مانای وایه‌ ده‌توانرێت وچاره‌سه‌رییه‌ک بۆ ئه‌م نه‌خۆشی‌یه‌ بدۆزرێته‌وه‌ به‌وه‌ی بتوانین ئه‌و زیانانه‌ی ئه‌م ڤایرۆسه‌ ده‌یگه‌ینێت، سنوردار بکه‌ین و به‌ شێوه‌یه‌کی پزیشکی کۆنترۆڵی نه‌خۆشی‌یه‌که‌ بکه‌ین و نه‌ک ته‌نها به‌ سه‌رنج خستنه سه‌ر ڤایرۆسه‌که‌ خۆی.

ئه‌م توێژینه‌وه‌ی گروپێک له‌ زانایانی نێونه‌ته‌وه‌ی سه‌باره‌ت به‌ کاریگه‌ری ته‌ندروستی ئه‌نفلوه‌نزای باڵنده‌ ئه‌نجامی ده‌ده‌ن، له‌ گۆڤاری پزیشکی نێونه‌ته‌وه‌یی لانسێت دا بڵاوکراوه‌ته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG