Accessibility links

سه‌رۆكی عێراق ڕه‌خنه‌ له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ده‌گرێت


سه‌رۆكی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی ڕه‌خنه‌ی له‌ له‌شـكری وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا گرت به‌هۆی ده‌سـتگیركردنی پـیاوێـكی ئێرانی كه‌ گومانی لێـده‌كرێت ده‌ستی هه‌بووبێت له‌ ئاودیوكردنی بۆمبی لاڕێ و تێرۆریسـتانی بیانی بۆ عێراق.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی ڕۆژی شه‌ممه‌ له‌ نامه‌یه‌كدا بۆ هه‌ریه‌ك له‌ ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد په‌تریـیه‌س، فه‌رمانده‌ی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ڕایان كرۆكه‌ر باڵیۆز ئه‌مریكا بۆ عێراق ڕه‌خنه‌ی له‌ ده‌سـتگیركردنه‌كه‌ گرتووه‌، وه‌ داوای كردووه‌ ده‌سـتبه‌جێ ئازادی بكه‌ن.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی گوتی ئه‌و كه‌سه‌ له‌ كاتێـكدا ده‌سـتگیركراوه‌ كه‌ به‌ ئاگاداری ته‌واوی حكومه‌تی عێراق له‌گه‌ڵ شـاندێـكی بازرگانیدا هاتووه‌.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی گوتیشی ئێران هه‌ڕه‌شه‌ی كردووه‌ به‌وه‌ی سـنووركانی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردسـتاندا داده‌خات ئه‌گه‌ر بێت و ئه‌و پـیاوه‌ ئازاد نه‌كرێت.

شـایانی باسه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ئه‌و پـیاوه‌ی تاوانبار كردووه‌ به‌وه‌ی كه‌سێـكی سه‌ر به‌ هێزی قودسی سوپای پاسـدارانی ئێرانه‌ و ده‌ستی له‌ توندوتیژیـیه‌كانی ناو عێراقدا هه‌یه‌. ئێرانیش ئه‌م قسانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌، وه‌ ده‌ڵێت ئه‌و پـیاوه‌ ئه‌ندامی شـاندێـكی بازرگانی ئوسـتانی كرمانشـانه‌.

وه‌زاره‌تی به‌رگری ئه‌مریكا ده‌ڵێت هێزه‌كانی ئه‌مریكا 7 كه‌سی ئێرانی سه‌ر به‌ هێزی قودسیان له‌ عێراق ده‌سـتگیركردووه‌.

سه‌باره‌ت به‌م هه‌واڵه‌ و هه‌واڵی دیكه‌ی عێراق په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ شـاری به‌غدا سـروه‌ عه‌بدولواحد ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG