Accessibility links

ماڵپه‌ڕێـكی ئیسلامی ده‌ڵێت بن لادن له‌ ڤیدیۆیه‌كی نوێـیدا بڕیاری شه‌ڕ له‌ دژی سه‌رۆكی پاكسـتانی ده‌دات


ماڵپه‌ڕێـكی ئیسلامی ده‌ڵێت له‌ ده‌مێـكی نزیكدا ڤیدیۆیه‌كی نوێی ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده‌ ئوسامه‌ بن لادن بڵاو ده‌كاته‌وه‌ كه‌ تیایدا بڕیاری شه‌ڕ له‌ دژی سه‌رۆكی پاكسـتانی په‌روێز موشه‌ڕه‌ف و له‌شـكری وڵاته‌كه‌ی ڕاده‌گه‌یه‌نێت.

ماڵـپه‌ڕه‌كه‌ كه‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی بڵاوكرده‌وه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ نه‌دا ئایا بن لادن له‌و ڤیدیۆیه‌دا ده‌رده‌كه‌وێت یان نا و یان هه‌ر ته‌نها ده‌نگێتی به‌ وێنه‌ی تره‌وه‌.

پـێش چه‌ند كاتژمێرێـك ئه‌لقاعیده‌ ڤیدیۆیه‌كی نوێی جێـگری بن لادن، ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهیری بڵاوكرده‌وه‌، وه‌‌ تیایدا هێرشی هێزه‌كانی له‌شـكری پاكسـتانی سه‌رزه‌نشت كرد كه‌ له‌ مانگی حه‌وتدا كردیـیانه‌ سه‌ر ئه‌و چه‌كداره‌ ئیسلامیـیانه‌ی ده‌سـتیان به‌سه‌ر مزگه‌وتی سووردا گرتبوو له‌ ئیسلام ئابادی پایته‌خت.

هه‌ر له‌و ڤیدیۆیه‌دا زه‌واهیری ڕێز و سـتایشی خۆی بۆ ڕێبه‌ری چه‌كداره‌كان عه‌بدول ڕه‌شید غازی ده‌ربڕی، ئه‌وه‌ی له‌ هێرشه‌كه‌دا كوژرا، وه‌ داوای تۆڵه‌ سه‌ندنه‌وه‌ی كرد.

پـێشتر هه‌ر له‌م مانگه‌ بن لادن له‌ ڤیدیۆیه‌كدا ده‌ركه‌وت و گوتی ئه‌گه‌ر ئه‌مریكایـی‌يه‌كان ده‌یانه‌وێت كۆتایی به‌ شه‌ڕی عێراق بێت با ده‌ست له‌ دیموكراتی هه‌ڵـبگرن و بـبن به‌ موسـڵمان.

ئه‌و ڤیدیۆیه‌ش یه‌كه‌م ڤیدیۆی ڕێبه‌ری ئه‌لقاعیده‌ بوو له‌ پاش نزیكه‌ی سێ سـاڵ.

بڕوا ده‌كرێت بن لادن و زه‌واهیری له‌ ناوچه‌ سـنووریـیه‌كانی نێوان پاكسـتان و ئه‌فغانسـتاندا خۆیان حه‌شـار دابێت. وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا 25 ملیۆن دۆلار خه‌ڵات ده‌دات به‌ هه‌ر كه‌سێـك یارمه‌تی بدات له‌ گرتنی هه‌ر كام له‌و دوو كه‌سه‌.



XS
SM
MD
LG