Accessibility links

سیاسه‌تمه‌دارێـكی دژ به‌ سوریا له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی به‌یرووتدا ده‌كوژرێت


سه‌رچاوه‌كانی ئاسایشی لوبنان ده‌ڵێن له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌ ناوچه‌یه‌كی به‌یرووت سیاسه‌تمه‌دارێـكی لوبنانی دژ به‌ سوریا و 6 كه‌سی تریش به‌لایه‌نی كه‌م كوژراون و هه‌روه‌ها 20 كه‌سیش برینداربوون.

ته‌قینه‌وه‌كه‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ ناوچه‌یه‌كی مه‌سیحی له‌ ڕۆژهه‌ڵاتی پایته‌خت بووه‌. كه‌ناڵه‌كانی ته‌له‌فیزیۆنیش ده‌ستبه‌جێ دیمه‌نه‌كانی شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌یان په‌خش كرد و تیایاندا ژماره‌یه‌ك ئۆتۆمبیل به‌دی ده‌كرا كه‌ گڕیان گرتبوو و هه‌روه‌ها باڵه‌خانه‌كانی نزیـك شوێنی ته‌قینه‌وه‌كه‌ش زیانیان پـێ گه‌یشـتبوو.

كاربه‌ده‌سـتان ده‌ڵێن ته‌قینه‌وه‌كه‌ ئه‌نتوان غانمی یاسادانه‌ری سه‌ر به‌ پارتی كه‌تائیبی لوبنانی پێ كوژراوه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ له‌ ماوه‌ی دوو سـاڵی ڕابردوودا لوبنان دووچاری زنجیره‌یه‌ك ته‌قینه‌وه‌ بووه‌، یه‌ك له‌وانه‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی مانگی شه‌شی ئه‌مسـاڵ كه‌ وه‌لید عیدۆی ئه‌ندامی په‌رله‌مانی لوبنانی تیادا كوژرا.

پـێشتر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی لوبنان داوای له‌ یاسادانه‌ران كردبوو‌ له‌ 25 ی مانگی نۆدا بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی نوێی وڵات كۆببنه‌وه‌ تا شوێنی ئه‌مین له‌حودی سه‌ر به‌ سوریا بگرێته‌وه‌.

جێی ئاماژه‌یه‌ په‌رله‌مانی لوبنانی دوو به‌ره‌كی تێـكه‌وتووه‌، لایه‌كی سه‌ر به‌ و سوریا و ئێرانه‌ و لایه‌كه‌ی تریش دژی ده‌ستـتێوه‌ردانی ئه‌و دوو وڵاته‌یه‌ له‌كاروباری لوبناندا.

XS
SM
MD
LG