Accessibility links

سه‌رۆكی یۆنان داوا له‌ سه‌رۆك وه‌زیر كۆسـتاس كارامانلس ده‌كات حكومه‌تی نوێ پـێـكبهێنێت


كارلۆس پاپـۆلیاسی سه‌رۆكی یۆنان داوای له‌ سه‌رۆك وه‌زیری كۆنه‌پارێزی یۆنان كۆسـتاس كارامانلس كردووه‌ حكومه‌تێـكی نوێ پـێـكبهێنێت پاش ئه‌وه‌ی پارته‌كه‌ی له‌ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌دا به‌ زۆرینه‌یه‌كی كه‌م سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌سـتهێنا.

به‌ڕێز كارامانلس به‌ڵێنی داوه‌ به‌ خێرایی به‌ره‌و پـێشـچوون له‌و چاكسـازیـیه‌ گرنگه‌كاندا بكات كه‌ ڕێـگه‌ له‌به‌رده‌م پـێشـكه‌وتنی وڵاته‌كه‌ی ده‌كاته‌وه‌.

ئه‌نجامه‌ فه‌رمیـیه‌كان وا نیشـان ده‌ده‌ن پارتی دیموكراسی نوێی سه‌رۆك وه‌زیر 152 كورسی له‌و په‌رله‌مانه‌ 300 ئه‌ندامـیـیه‌دا به‌ده‌سـتهێناوه‌،‌ 13 ده‌نگ كه‌متر له‌وه‌ی له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی 2004 دا به‌ده‌ستی هێنابوو. پارتی سۆشیالیستی ئۆپـۆزیسـیۆنیش 102 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌، وه‌ ئه‌وه‌ خراپترین ئه‌نجامه‌ له‌ ماوه‌ی 30 سـاڵی ڕابردوودا به‌ده‌سـتهێناوه‌، له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كانی سێ سـاڵ له‌مه‌وبه‌ر 117 كورسی به‌ده‌ستهێنابوو.

پارتی كۆمۆنیستیش 22 كورسی برده‌وه‌ و هاوپه‌یمانی چه‌پی ڕادیكاڵیش 14 ی برده‌وه‌ و پارتێـكی نوێی توندڕه‌وی ڕاست 10 كورسی به‌ده‌ستهێناوه‌.

كاتێـكی زووی دووشه‌ممه‌ ڕێبه‌ری ئۆپـۆزیسـیۆن جۆرج پاپاندریۆ دانی به‌ ئه‌نجامه‌كاندا نا و گوتی ده‌نگده‌ران بڕیاری خۆیان دا.

له‌ ئه‌ثینای پایته‌ختیش به‌ڕێز كارامانلس ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی گێڕا و گوتارێـكی پـێشكه‌ش به‌ لایه‌نگرانی پارتی دیموكراسی نوێ كرد و گوتی ده‌نگده‌ران به‌ ڕوونی ڕێـگه‌یان پـێداوه‌ له‌ چاكسازیـیه‌كانی خۆی به‌رده‌وامبێت.

XS
SM
MD
LG