Accessibility links

سه‌رۆكی IAEA ڕخنه‌ ده‌گرێت له‌ قسه‌ و باسـی شه‌ڕ له‌دژی ئێران


سه‌رۆكی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم IAEA ڕه‌خنه‌ی له‌و قسـانه‌ گرت كه‌ باس له‌ هێرشـبردنه‌ سه‌ر ئێران ده‌كه‌ن له‌سه‌ر به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی، وه‌ ده‌ڵێت به‌كارهێنانی هێز ده‌بێت دوا بژاربێت بیری لێ بكرێته‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی هه‌موو بژاره‌كانی تر بێ سوود ده‌بێت.

محه‌مه‌د ئه‌لبه‌رادعی ده‌ڵێت ئه‌و بڕوا ناكات كه‌ كۆمه‌ڵـگای نێونه‌ته‌وه‌یی گه‌یشـتبێته‌ قۆناغێـك كه‌ تیایدا مشـتومڕ له‌سه‌ر هێرشـبردنه‌ سه‌ر ئێران بكات.

ئه‌لبه‌رادعی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئه‌م تێبیـنی‌یه‌ی دا، ڕۆژێـك پاش ئه‌وه‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی فه‌ره‌نسـا بێرنارد كۆشنێر هۆشـداری جیهانی دا به‌وه‌ی پـێویسته‌ ئاماده‌ بێت بۆ ئه‌گه‌ری شه‌ڕ ئه‌گه‌ر دانوسـتاندنه‌كان له‌گه‌ڵ ئێراندا شكستی هێنا.

ئێرانیش وه‌ڵامی قسه‌كانی كۆشنێری دایه‌وه‌ و فه‌ره‌نسـای به‌ دارده‌ستی ئه‌مریكا ناوزه‌ندكرد.

ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم ئێسـتا له‌ ڤیه‌ننا كۆده‌بێته‌وه‌، وه‌ پـێشـبینی ده‌كرێت وتووێـژه‌كان سه‌نگی بخاته‌ سه‌ر خواسته‌ ناوه‌كیـیه‌كانی تاران.

وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و هاوپه‌یمانه‌كانی ده‌یانه‌وێت‌ ئه‌نجومه‌نی ئاسایشی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان سێهه‌م كۆمه‌ڵه‌ سزای خۆی به‌سه‌ر ئێراندا بسه‌پـێنێت له‌سه‌ر ڕانه‌گرتنی پـتاندنی یۆرانیۆم.

وڵاتانی ڕۆژئاوا ده‌ڵێن ئێران له‌ ژێر ناوی به‌رنامه‌ی ناوه‌كی بۆ كاری خزمه‌تگوزاری هه‌وڵی دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی ده‌دات. تارانیش ئه‌و قسانه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ و ده‌شـڵێت ئه‌و ده‌ست له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی هه‌ڵناگرێت.

XS
SM
MD
LG