Accessibility links

ئه‌لقاعیده‌ به‌رپـرسـیارێتی خۆی له‌ كوشتنی شێخ عه‌بدول سه‌تار ئه‌بو ڕێشه‌ ڕاگه‌یاند


ئه‌لقاعیده‌ به‌رپـرسیارێتی خۆی له‌ ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ڕاگه‌یاند، ئه‌وه‌ی شێخ عه‌بدول سه‌تار ئه‌بو ڕێشه‌ی تیادا كوژرا كه‌ ڕێبه‌ری تیره‌یه‌كی عه‌شـره‌تی دلێمی سوننه‌یه‌ و هاوپه‌یمانێـكی گرنگی ئه‌مریكا بوو له‌ عێراق.

ڕۆژی هه‌ینی گروپی ئه‌لقاعیده‌ له‌ به‌یانـنامه‌یه‌كدا له‌سه‌ر ئنته‌رنێت به‌رپـرسـیارێتی خۆیان له‌ هێرشه‌كه‌ ڕاگه‌یاند.

شێخ عه‌بدول سه‌تار ئێواره‌ی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ نزیك ماڵه‌كه‌ی خۆی له‌ شاری ڕومادی له‌ پارێزگای ئه‌نبار به‌ بۆمبێـكی لاڕێ كوژرا، وه‌ به‌ شێوه‌یه‌كی به‌رفراوان ئه‌لقاعیده‌ له‌و هێرشه‌ به‌رپـرسیاركرا.

ڕۆژی هه‌ینیش مه‌راسیمی به‌خاكسـپاردنه‌كه‌ی به‌ڕێوه‌چوو و تیایدا خزم و دۆست و هه‌وڵه‌كانی به‌ڵێنیان دا تۆڵه‌ی بكه‌نه‌وه‌. ماشێنه‌كانی پـۆلیسی عێراقی و له‌شكری ئه‌مریكاش به‌ دوای یه‌كدا به‌ درێژایی ڕێـگه‌ی تێپه‌ڕبوونی كه‌ژاوه‌ی جه‌نازه‌كه‌دا ڕیزبووبوون.

شـایانی باسه‌ سـاڵی ڕابردوو شێخ عه‌بدول سه‌تار ئه‌بو ڕێشه‌ عه‌شره‌ته‌ سوننه‌كانی له‌ ژێر ناوی ئه‌نجومه‌نی وریاكه‌ره‌وه‌ی ئه‌نبار كۆكرده‌وه‌ بۆ شه‌ڕكردن له‌دژی ئه‌لقاعیده‌ له‌ عێراق. پاش كه‌متر له‌ دوو هه‌فته‌ له‌وه‌ی كه‌ له‌گه‌ڵ سه‌رۆك بوشدا له‌ پارێزگای ئه‌نبار كۆبووه‌وه‌ كوژرا.

كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكی و عێراقی ستایشی شێخ عه‌بدول سه‌تاریان ده‌كرد بۆ ئه‌و هه‌وڵ و یارمه‌تیانه‌ی كه‌ ده‌یدا بۆ نه‌هێشتنی توندوتیژی له‌ پارێزگای ئه‌نبار.

XS
SM
MD
LG