Accessibility links

جه‌یمس گلانز ده‌ڵێت پـێده‌چێت هه‌وڵه‌كان له‌ پـێناو په‌سه‌ندكردنی قانونی نه‌وتدا له‌ عێراق ڕوو له‌ هه‌ره‌سـهێنان بكات


جه‌یمس گلانز James Glanz له‌ لاپه‌ڕه‌ی یه‌كه‌می ژماره‌ی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ی ڕۆژنامه‌ی نیویۆرك تایمزدا ده‌نووسێت پـێده‌چێت هه‌وڵ و ته‌قه‌لاكان له‌ پـێناو په‌سه‌ندكردنی قانونی نه‌وتدا له‌ عێراق ڕوو له‌ هه‌ره‌سـهێنان بكات.

نووسه‌ر ده‌ڵێت به‌رنووسی قانونی نه‌وت كه‌ له‌ مانگی دووی ڕابردوودا هاته‌ كایه‌وه‌ پاش لێـكدانه‌وه‌یه‌كی زۆر له‌نێو لایه‌نه‌ سـیاسـیـیه‌كانی عێراقدا، له‌وه‌ ده‌چێت شـكست بخوات هاوكاتی تێـكۆشـانی كۆشـكی سـپـی له‌گه‌ڵ كۆنگرێسی ئه‌مریكیدا سه‌باره‌ت به‌ خستنه‌ ڕووی به‌ڵـگه‌ی ئاشـتبوونه‌وه‌ی سـیاسی له‌ناو عێراقدا كه‌ نه‌وت یه‌كێـكه‌ له‌ ناكۆكیـیه‌ سه‌ره‌كیـیه‌كانی. به‌ڵام، هه‌ر وه‌كو نووسه‌ر ده‌ڵێت، له‌ دوا هه‌وڵی كاربه‌ده‌سـتانی باڵای حكومه‌تی عێراقدا بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ی دوێنێ له‌ به‌غدا كۆبوونه‌وه‌یه‌ك سـازدرا و ده‌رئه‌نجام وتووێـژه‌كان له‌ ژێر ڕۆشـنایی ناكۆكی قوڵی نێوان وه‌زیری نه‌وتی عێراق دكتۆر حسێن شـه‌هرسـتانی و ده‌سه‌ڵاتدارانی هه‌رێمی كوردسـتانی عێراق، كه‌ زۆربه‌ی چاڵه‌ ناوتیـیه‌كانی تیادایه‌، هه‌ره‌سی هێنا. نووسه‌ر ده‌ڵێت دكتۆر شه‌هرسـتانی كه‌ ئه‌ندامێـكی باڵای هاوبه‌ندی شیعه‌ی باڵا ده‌سته‌ له‌ حكومه‌تی عێراقیدا قانونی نه‌وتی هه‌رێمی كوردسـتانی به‌ ناقانونی داده‌نێت، له‌ لایه‌كی دیكه‌ زۆر له‌ عه‌ره‌به‌ سوننه‌كانیش له‌ پـشتیوانی خۆیان بۆ به‌رنووسی قانونی نه‌وتی عێراق پاشگه‌زبوونه‌ته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ قانونی نه‌وت یه‌كێـكه‌ له‌و هه‌نگاوه‌ سه‌ره‌كیـیانه‌ی كه‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی بوش به‌ ئامانجێـكی گرنگی داده‌نێت بۆ ئاشـتبوونه‌وه‌ی گشتی له‌ عێراقدا، به‌ڵام هه‌میشه‌ له‌به‌ر ناكۆكی ئاینزایی و نه‌ژادی ئه‌و قانونه‌ په‌سه‌ند نه‌كراوه‌.

پاشـان نووسه‌ر ده‌ڵێت یه‌كێـك له‌ به‌شـداربووانی ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ دكتۆر به‌رهه‌م سـاڵح بوو كه‌ ئه‌م سـاڵانه‌ی دوایی ته‌رخانكردووه‌ بۆ نزیكبوونه‌وه‌ و دانه‌واندنی سیاسی له‌نێو لایه‌نه‌ سـیاسـیه‌ جیاوازه‌كانی عێراقدا به‌ڵام پاش ئه‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌ ڕایگه‌یاند كه‌ گه‌یشتن به‌ ڕێـكـكه‌وتنێـكی كۆتایی مسۆگه‌ر نیـیه‌، ده‌شـڵێت ئه‌و پـرۆسه‌یه‌ وه‌كو یاری چه‌رخ و فه‌له‌كی لێهاتووه‌، وه‌له‌گه‌ڵ ئه‌مانه‌شـدا دانی به‌وه‌ دانا كه‌ هه‌وڵی باش و ڕشت خراونه‌ته‌ گه‌ڕ بۆ گه‌یشتن به‌ ده‌رئه‌نجامێـك.

سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌خنه‌كانی دكتۆر شه‌هرسـتانی وه‌زیری نه‌وتی عێراقی بۆ ئه‌و كۆنتراكتانه‌ی كه‌ له‌ بواری نه‌وتدا حكومه‌تی هه‌رێمی كوردسـتان مۆری كردوون، حكومه‌تی هه‌رێم به‌رپه‌رچی شه‌هرسـتانی داوه‌ته‌وه‌، وه‌ ده‌ڵێت گشت كۆنتراكته‌كان قانونین و به‌ گوێره‌ی ده‌ستورن.

XS
SM
MD
LG