Accessibility links

به‌بۆنه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زان له‌شكری ئه‌مریكا ژماره‌یه‌ك ده‌ستگیركراوی عێراقی ئازاد ده‌كات


له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌ڵێت به‌نیازه‌ له‌ ماوه‌ی مانگی ڕه‌مه‌زانی پـیرۆزدا ڕۆژانه‌ 50 بۆ 80 ده‌ستكیركراوی عێراقی ئازاد بكات.

به‌یانـنامه‌یه‌كی له‌شـكری ده‌ڵێت به‌رنامه‌كه‌ به‌ هاوبه‌شی له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراقیدا جێبه‌جێ ده‌كرێت، وه‌ له‌ ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌وه‌ ده‌ستده‌كرێت به‌ ئازادكردنی یه‌كه‌م گروپ.

به‌یانـنامه‌كه‌ له‌ زاری فه‌رمانده‌ی كاروباری زیندانیـیه‌كان ژه‌نه‌ڕاڵ دۆگلاس ستۆن ده‌ڵێت لێژنه‌یه‌كی بێ لایه‌ن به‌ لیستی ناوی ئه‌و ده‌سـتگیركراوانه‌دا ده‌چێته‌وه‌ كه‌ شـایانی ئازادكردنن. ده‌شڵێت پـرۆسه‌كه‌ به‌ یه‌كسـانی ده‌كرێت و به‌ ته‌واوه‌تی نا تایفی و ناسیاسیـیانه‌ ده‌بێت.

له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سـانه‌ ئازاد ده‌كرێن كه‌ چیتر هه‌ڕه‌شه‌ بۆ سه‌ر باری ئاسایشی وڵاته‌كه‌ دروست ناكه‌ن.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، له‌شـكری ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌وا هێزه‌ عێراقی و ئه‌مریكایـی‌یه‌كان دره‌نگانێـكی چوارشه‌ممه‌ چه‌ند هه‌ڵمه‌تێـكیان نزیـك شـارۆچـكه‌ی تاجی ئه‌نجامداوه‌، وه‌ له‌ئاكامدا خانوویه‌كی تێرۆریسـته‌كانیان وێران كردووه‌ و 12 گومانباریشـیان ده‌ستگیركردووه‌.

هه‌روه‌ها له‌شـكر ڕایگه‌یاند كه‌وا هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ زنجیره‌یه‌ك هه‌ڵمه‌تدا له‌ ڕۆژهه‌ڵات و ناوه‌ندی وڵاته‌كه‌ له‌ ماوه‌ی سێ ڕۆژی ڕابردوودا 3 تێرۆریستی سه‌ر به‌ ئه‌لقاعیده‌ی ناو عێراقیان كوشـتووه‌ و 80 ی دیكه‌شـیان ده‌سـتگیركردووه‌.

XS
SM
MD
LG