Accessibility links

سه‌رۆكی ڕوسیا حكومه‌تی وڵاته‌كه‌ی هه‌ڵوه‌شـانده‌وه‌


سیاسه‌تمه‌دارێـكی باڵای ڕوسیا ده‌ڵێت سه‌رۆك ڤلادیمیر پوتن كاربه‌ده‌سـتی حكومی ڤیكتۆر زووبكۆڤی وه‌ك سه‌رۆك وه‌زیری نوێی ڕوسیا به‌ربژاركردووه‌.

ڕێبه‌ری ئه‌نجومه‌نی خوارووی په‌رله‌مان (بۆریس گریزلۆڤ) ده‌ڵێت به‌ڕێز پوتن داوای له‌ ئه‌نجومه‌نی دۆما كردووه‌ پـشتیوانیـیه‌كی زۆر له‌ زووبكۆڤ بكه‌ن، ئه‌وه‌ی ئێسـتا وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری چاودێری دارایی فیدراڵی سه‌رپه‌رشتی شه‌ڕی دژه‌ گه‌نده‌ڵی و پاره‌ خواردن ده‌كات.

ئه‌م به‌ربژاره‌ی پوتن بۆ زووبكۆڤ پاش چه‌ند كاتژمێـرێـك هات له‌وه‌ی سه‌رۆك وه‌زیر میخائیل فرادكۆڤ و حكومه‌ته‌كه‌ی وه‌ك خۆ ئاماده‌كردنێـك بۆ هه‌ڵـبژاردنه‌كانی په‌رله‌مانی و سه‌رۆكایه‌تی داهاتوو ده‌ستیان له‌كاركێشـایه‌وه‌.

پـێـشتر هه‌ر چوارشه‌ممه‌ ده‌زگاكانی ڕاگه‌یاندنی ڕوسیا له‌ زاری به‌ڕێز پـوتن بڵاویان كرده‌وه‌ كه‌وا ده‌ست له‌كاركێشـانه‌وه‌ی میخائیل فرادكۆڤ پـێویست بوو بۆ سه‌رله‌نوێ ڕێـكخستنه‌وه‌ی حكومه‌ت پـێش هه‌ڵبژاردنه‌كانی په‌رله‌مان، ئه‌وه‌ی كه‌ بڕیاره‌ له‌ مانگی یازده‌ی ئه‌نجامبدرێت. هه‌ڵـبژاردنه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیش بڕیاره‌ له‌ مانگی سێی سـاڵی داهاتوودا سـازبكرێت.

به‌ڕێز میخائیل فرادكۆڤ به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كه‌ی تا په‌رله‌مان ڕه‌زامه‌ندی خۆی له‌سه‌ر ڤیكتۆر زووبكۆڤ ده‌رده‌بڕێت.

XS
SM
MD
LG