Accessibility links

سه‌رۆك وه‌زیری عێراق داوا له‌ وڵاتانی هاوسێ ده‌كات له‌ دژی هێزه‌ به‌دكاره‌كان یه‌كبگرن


سه‌رۆك وه‌زیری عێراق نوری ئه‌لمالیكی داوای له‌ وڵاتانی هاوسێی عێراق كرد یارمه‌تی بده‌ن له‌ ڕاگرتنی ئه‌و هێزه‌ به‌دكارانه‌ی ناوچه‌كه‌ نائارام ده‌كه‌ن.

به‌ڕێز ئه‌لمالیكی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌م داوایه‌ی له‌ كۆنگره‌یه‌ك له‌ به‌غدا كرد كه‌ نوێنه‌رانی وڵاتانی هاوسێی عێراق و وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و شـانده‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و یه‌كێتی ئه‌وروپا و هه‌روه‌ها گروپی هه‌شت وڵاته‌ پـیشه‌سـازیـیه‌كه‌ی جیهان تیایدا ئاماده‌بوون.

به‌ڕێز ئه‌لمالیكی گوتیشی ده‌بێت عێراق و هاوسـێـكانی له‌ دژی ئه‌و گروپه‌ تێرۆریسـتیـیانه‌ یه‌كبگرن كه‌ وه‌كو ده‌ڵێت له‌ سـنووری وڵاتێـكدا ناوه‌ستن.

له‌ پـێـشـهاته‌یه‌كی تردا، له‌شـكری ئه‌مریكی ڕایگه‌یاند كه‌وا پـیلانگێڕی ته‌قینه‌وه‌ به‌هێزه‌كانی مانگی ڕابردووی ناوچه‌ی شنگال، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ زیاتر له‌ 400 كه‌س كوژران، له‌ هێرشێـكی ئاسـمانی هاوپه‌یمانان كوژراوه‌.

له‌شـكر ده‌ڵێت ئه‌بو موحه‌مه‌د ئه‌لعفری كه‌ ڕێبه‌رێـكی ئه‌لقاعیده‌یه‌ له‌ ناوچه‌ی موسڵ 3 ی مانگی نۆ له‌ هێرشـێـكی ئاسـمانی هێزه‌كانی هاوپه‌یمانان له‌ نزیـك شـاری موسڵ كوژراوه‌.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتانی عێراقی ده‌ڵـێن چه‌ند چه‌كدارێـك ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ هێرشـیان كردۆته‌ سه‌ر بنكه‌یه‌كی پـۆلیس له‌ شـاری تكریت، وه‌ 5 پـۆلیسـیان كوشـتووه‌.

سه‌باره‌ت به‌م كۆنگره‌یه‌ی ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ی به‌غدا په‌یامنێری به‌شی كوردی ده‌نگی ئه‌مریكا له‌ به‌غدا سـروه‌ عه‌بدولواحد ڕاپـۆرتێـكی ئاماده‌كردووه‌، وه‌ ده‌توانن گوێبیسـتی بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌.

XS
SM
MD
LG