Accessibility links

سه‌رۆك بوش به‌نیازه‌ گوتارێـك سه‌باره‌ت به‌ عێراق پـێشـكه‌ش بكات


سه‌رۆك بوش له‌ گوتاره‌ ڕادیۆیـیه‌ هه‌فتانه‌یه‌كه‌یدا باسی له‌ سه‌ردانه‌كه‌ی ئه‌م دوایـیه‌ی خۆی بۆ عێراق كرد، وه‌ ده‌ڵێت سه‌ركه‌وتن و به‌ره‌وپـێشـه‌وه‌چوون له‌ ناوچه‌ی ئه‌نبار گرنگه‌ بۆ پاشه‌ڕۆژی دیموكراسـیه‌ت له‌ عێراق و شه‌ڕی دژی تێرۆریزم.
ده‌شڵێت گوتارێـك پـێشـكه‌ش به‌ سه‌رانسه‌ری وڵات ده‌كات بۆ باسـكردنی ڕێنمایـیه‌كانی ژه‌نه‌ڕاڵ پـێترایه‌س و خستنه‌ ڕووی ڕوانینی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاینده‌ی عێراق.

هاوكارمان به‌ڵـێن سـاڵح ڕاپـۆرتێـكی له‌سه‌ر هه‌ردوو گوتاره‌ ڕادیۆیـیه‌ هه‌فتانه‌یه‌كه‌ی سه‌رۆك بوش و دیموكراته‌كان ئاماده‌كردووه‌.
ده‌توانن گوێبیسـتی ده‌قی ڕاپـۆرته‌كه‌ بن له‌ ڕێـگه‌ی كلیـكـكردنی ئه‌و فایله‌ ده‌نـگیـیه‌ی سه‌ره‌وه‌، ماوه‌كه‌ی 6 خوله‌كه‌.

وابڕیاره‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد پـێترایه‌س سه‌ركرده‌ی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق ڕاپـۆرته‌ هه‌مه‌لایه‌ن و به‌رفراوانه‌كه‌ی خۆی له‌سه‌ر ڕه‌وشی عێراق بداته‌ كۆنگرێسی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا.

به‌ر له‌ ئاماده‌بوونه‌كه‌ی له‌ كۆنگرێس ژه‌نه‌ڕاڵ پـێترایه‌س له‌ په‌یامێـكدا به‌ سه‌ربازه‌كانی گوتووه‌، به‌ره‌و پـێشـچوونی ئاسایشی له‌ عێراقدا هاتۆته‌ كایه‌، به‌ڵام به‌ره‌و پـێشـچوونی سـیاسی‌یانه‌ به‌و شـێوه‌یه‌ نیـیه‌ كه‌ هیوای بۆ ده‌خوازرێت.

پـێشـتر هه‌ردوو ڕۆژنامه‌ی واشـنتۆن پـۆست و نیویۆرك تایمزیش نووسـیبوویان، ده‌شێت ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد پـێترایه‌س پلانی ناردنه‌وه‌ی چه‌ند هه‌زارێـك له‌ سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكای هه‌بێت، به‌ڵام گه‌وره‌ ئه‌فسه‌رێـكی پـنتاگۆن به‌و مه‌رجه‌ی ناوی نه‌هێنرێت گوتویه‌تی ژه‌نه‌ڕاڵ پـێترایه‌س پـێی گوتووه‌ ئه‌و هه‌واڵه‌ی ڕۆژنامه‌كان دروست نین. له‌ په‌یامه‌كه‌شی بۆ سه‌ربازه‌كان ژه‌نه‌ڕاڵی له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق هیچ ئاماژه‌یه‌كی به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی ئه‌مریكا نه‌داوه‌.

له‌ باره‌‌ی ئه‌و به‌ره‌وپـێشـچوونه‌ ئاسایـشـیانه‌شه‌وه‌ كه‌ له‌ عێراقدا هاتوونه‌ته‌ كایه‌، سه‌رۆك بوش له‌میانه‌ی گوتاره‌ ڕادیۆیـیه‌ هه‌فتانه‌یه‌كه‌یدا باسی له‌ گرنگی ئه‌و به‌ره‌و پـێشـچوونانه‌ كرد. له‌ هه‌فته‌ی ڕابردوودا سه‌رۆك بوش سه‌ردانێـكی له‌ناكاوی عێراقی كرد له‌ ڕێدا به‌ره‌و كۆبوونه‌وه‌ لوتكه‌یـیه‌كه‌ی ئه‌نجومه‌نی هاریكاری ئابوری ئاسـیا- پاسـفیك.

سـاڵی پار وه‌ك سه‌رۆك بوش ده‌ڵـێت پارێزگای ئه‌نبار له‌ هه‌موو هه‌واڵه‌كاندا بووه‌، وه‌ یه‌كێـك له‌ نووسه‌ره‌كان له‌ سـتوونێـكدا نووسـیبووی شه‌ڕ له‌ هه‌رێمی ئه‌لئه‌نبار كۆتایی هاتووه‌ و ئه‌مریكا دۆڕاندویه‌تی. سه‌رۆك بوش ده‌ڵـێت به‌ڵام زووبه‌زوو دانیشتـوانی ئه‌نبار زانیـیان ژیان له‌ژێر ده‌ستی ئه‌لقاعیده‌دا یانی چی و سه‌رۆكی عه‌شره‌ته‌كان یه‌كیان گرت له‌ دژی ئه‌لقاعیده‌.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌نبار گرنگی خۆی هه‌یه‌ بۆ ئاینده‌ی دیموكراسی له‌ عێراق و هه‌روه‌ها بۆ شه‌ڕی دژه‌ تێرۆریش، ئه‌م پارێزگایه‌ كه‌ زۆربه‌ی دانیشـتوانه‌كه‌ی له‌ سوننه‌كانن و سـنووره‌كانی له‌ ده‌وروبه‌ری به‌غداوه‌ ده‌سـتپـێـده‌كات تا سـنووره‌كانی ئوردن و سوریا و عه‌ره‌بسـتانی سـعودیـیه‌، وه‌ تا ئه‌م ماوه‌یه‌ی ڕابردووش ئه‌نبار بنكه‌ی سه‌ره‌كی ئۆپه‌راسـیۆنه‌كانی ئه‌لقاعیده‌ بووه‌ له‌ عێراقدا.

سه‌رۆك بوش له‌میانه‌ی گوتاره‌ ڕادیۆیـیه‌ هه‌فتانه‌یه‌كه‌یدا ده‌ڵێت له‌ سه‌ردانه‌كه‌یدا بۆ ئه‌نبار له‌گه‌ڵ سه‌رۆكه‌كانی عه‌شره‌ته‌كاندا كۆبووه‌ته‌وه‌ كه‌ شـان به‌ شـانی ئه‌مریكا شه‌ڕی ئه‌لقاعیده‌یان كردووه‌ و ئێسـتا ئاینده‌یه‌كی باشـتر بۆ دانیشـتوانی ناوچه‌ و بۆ هه‌موو عێراق پـێـكده‌هێنن. سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت یه‌كێـك له‌ سه‌رۆك عه‌شره‌ته‌كان پـێی گوتووه‌ دووچاری مه‌ینه‌تیـیه‌كی زۆر بووبوونه‌وه‌ به‌ ده‌ستی ئه‌لقاعیده‌.

هه‌ر له‌میانه‌ی ئه‌م گوتاره‌ی ڕۆژی شه‌ممه‌یدا سه‌رۆك بوش پـشتیوانی خۆی بۆ دیموكراسی له‌ عێراق دووپات كرده‌وه‌ و ئه‌وه‌شی گوت كه‌ چیدی نابێت ڕژێمه‌كه‌ی سه‌دام حسێن وه‌ك ڕژێمی سوننه‌كان ناوزه‌ند بكرێت چونكه‌ ڕژێمێـك بووه‌ دژی سوننه‌ و شیعه‌ و كورده‌كانیش.

هه‌ر له‌و سه‌ردانه‌یدا سه‌رۆك بوش كۆبوونه‌وه‌شی له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی عێراقیدا هه‌بووه‌.
سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت ڕێبه‌رانی عێراق هه‌موویان له‌ گرنگی سه‌ركه‌وتن له‌ ئه‌نبار تێده‌گه‌ن و له‌به‌ر ئه‌وه‌ ده‌سـتی یارمه‌تی درێژ ده‌كه‌ن به‌ هه‌نگاونانی پـۆزێتیفانه‌ ڕووه‌و دابه‌شـكردنی داهاتی نه‌وت له‌گه‌ڵ ڕێبه‌رانی خۆجێـیـی‌دا و پـێشی گوتوون گه‌لی ئه‌مریكا وا چاوه‌ڕێ ده‌كات وابه‌سته‌یـیه‌كانی خۆیان جێبه‌جێ بكه‌ن و ئه‌و به‌رنووسانه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن كه‌ خۆیان له‌سه‌ری ڕێـكـكه‌وتوون.

له‌ كۆنگرێسی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا ڕێبه‌رانی دیموكراته‌كان له‌ هه‌وڵداندان تا كاتێـكی دیاریكراو ده‌سـتنیشـان بكرێت بۆ كشـانه‌وه‌ی هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق.

سه‌رۆك بوش داوا له‌ كۆنگرێس ده‌كات چاوه‌ڕوانی ڕاپـۆرته‌كه‌ی ڕایان كرۆكه‌ر باڵیۆزی ئه‌مریكا له‌ عێراق و ژه‌نه‌ڕاڵ پـێترایه‌س بن.

سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت له‌م چه‌ند ڕۆژه‌ی داهاتوودا هه‌ردووكیان دێنه‌ واشـنتۆن و پـیاداچوونه‌وه‌كانی خۆیان ده‌ده‌ن به‌ كۆنگرێس و داواش له‌ ئه‌ندامانی كۆنگرێس ده‌كات گوێ له‌ هه‌ردووكیان بگرن به‌ر له‌وه‌ی هیچ بڕیارێـك بده‌ن.

سـیناتۆر هاری ڕید ڕێبه‌ری زۆرترایه‌تی دیموكراته‌كان له‌ سیناتی وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكادا گوتاری ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی دیموكراته‌كانی پـێشكه‌ش كرد.

سـیناتۆر ڕید ده‌ڵێت زیاتر له‌ 170 هه‌زار سه‌ربازی ئازای ئه‌مریكا كه‌وتوونه‌ته‌ ناو زه‌لكاوی شه‌ڕی ناوخۆوه‌ له‌ عێراق، وه‌ هێشـتاش ئوسامه‌ بن لادن ئازاد و فلیمی ڤیدیۆیی ده‌رده‌كات و گاڵته‌ به‌ ئه‌مریكا ده‌كات و له‌ ئێسـتاشدا پـشتـیوانی نێونه‌ته‌وه‌یی بۆ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا له‌ كه‌می داوه‌.

سیناتۆر ڕید ده‌ڵێت ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بوش بانگه‌شه‌ی بۆ ده‌كرد له‌ ده‌می داواكردنی زیادكردنی هێزه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق كه‌ وڵاته‌كه‌ به‌ره‌و سه‌قامگیری ده‌بات وا ده‌رنه‌چووه‌ و ئه‌و ئامانجانه‌ش كه‌ ده‌بووایه‌ عێراقیـیه‌كان جێبه‌جێی بكه‌ن نه‌یانكردووه‌.

هاری ڕید ده‌ڵێت ڕێبه‌رانی عێراق هه‌نگاوی ته‌واویان نه‌ناوه‌ بۆ بنیادنانه‌وه‌ی وڵاته‌كه‌یان كه‌ بتوانن له‌سه‌ر پـێی خۆیان ڕابوه‌ستن وێڕای ئه‌وه‌ی سه‌رۆك بوش هه‌فتانه‌ نزیكه‌ی 3 ملیار دۆلار بۆ ئه‌م شه‌ڕه‌ی عێراق خه‌رج ده‌كات. سـیناتۆر ڕید ده‌ڵێت پـێویسته‌ به‌و چاوه‌وه‌ بڕوانیـنه‌ ڕاپـۆرته‌كه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌ی ژه‌نه‌ڕاڵ پـێترایه‌س كه‌ خاڵـێـك ده‌بێت بۆ وه‌رچه‌رخانی ڕێبازی ئه‌مریكا له‌ عێراق. سه‌رۆك بوشیش ده‌ڵێت پاش ڕاوێژكردن له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی سـتوونه‌كانی له‌شـكری و ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی ئاسایشی نیشـتیمانی و ئه‌ندامانی هه‌ردوو لایه‌نی كۆنگرێس و ڕێبه‌رانی عێراقیش، گوتارێـك پـێشـكه‌ش به‌ سه‌رانسه‌ری وڵات ده‌كات بۆ باسـكردنی ڕێنمایـیه‌كانی ژه‌نه‌ڕاڵ پـێترایه‌س و خستنه‌ ڕووی ڕوانینی ئه‌مریكا له‌سه‌ر ئاینده‌ی عێراق.

XS
SM
MD
LG