Accessibility links

فه‌رمانده‌ی هێزێـكی میلیشـیا شیعه‌كان له‌ عێراق ده‌سـتگیر ده‌كرێت


له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت هێزه‌ ئه‌مریكایی و عێراقیـیه‌كان كه‌سـێـكیان ده‌سـتگیركردووه‌ كه‌ گومانی لێده‌كرێت ڕێبه‌ری نزیكه‌ی 750 چه‌كداری میلیشـیا شیعه‌كان بێت له‌ باشوری ڕۆژئاوای به‌غدا.

له‌شـكر گوتی ئه‌م كه‌سه‌ی كه‌ گومانی لێده‌كرێت فه‌رمانده‌ی هێزێـكی یاخیبووان بێت له‌گه‌ڵ یه‌كێـكی تر كه‌ پـێنجشه‌ممه‌ ده‌سـتگیركراوه‌، گومانیان لێـده‌كرێت هاوكاریـیان له‌گه‌ڵ شه‌ڕكه‌رانی بیانیدا كردبێت و هه‌روه‌ها یارمه‌تی میلیشـیای دیكه‌یان دابێت له‌سه‌ر چۆنێتی به‌كارهێنانی چه‌كی قه‌ناص له‌ ڕێـگه‌ی مه‌شـقپـێـكردن له‌ ئێران.

تاران ئه‌و تۆمه‌تانه‌ی ئه‌مریكا ڕه‌تده‌كاته‌وه‌ كه‌ ده‌ڵێت ئێران پـشـتیوانی له‌ میلیشـیا شیعه‌كانی عێراق ده‌كات.

له‌لایه‌كی تره‌وه‌ له‌شـكری ئه‌مریكا ڕایگه‌یاند كه‌وا 7 سه‌ربازی تری خۆی له‌ شه‌ڕه‌كانی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ی عێراقدا كوژراون.

له‌ هه‌واڵـێـكی تردا، سه‌رۆكی عێراق جه‌لال تاڵه‌بانی گوتی ئه‌و پـشـتیوانی له‌ ئیعدامكردنی یاریده‌ده‌رێـكی پـێشووی سه‌دام حسێن له‌ شـاڵاوه‌كانی كوشتنی به‌ كۆمه‌ڵی كورده‌كان له‌ كۆتایی هه‌شـتاكاندا ناكات.

به‌ڕێز تاڵه‌بانی گوتی وه‌زیری به‌رگری پـێشوو سوڵتان هاشم ئه‌لطائی شـایانی ئه‌وه‌ نیـیه‌ له‌سێداره‌ بدرێت چونكه‌ ئه‌و ته‌نها فه‌رمانه‌كانی جێبه‌جێ ده‌كرد و هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتنی له‌سه‌ر ده‌بوو‌ ئه‌گه‌ر ڕه‌تی بكردایه‌ته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG