Accessibility links

به‌هۆی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـك له‌ به‌غدا 11 كه‌س ده‌كوژرێن


كاربه‌ده‌سـتانی عێراق ده‌ڵێن له‌ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبێـك له‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌لسه‌دری شیعه‌نشینی به‌غدای پایته‌خت، به‌لایه‌نی كه‌م 11 كه‌س كوژران و 20 كه‌سی تریش برینداربوون.

له‌و باره‌یه‌وه‌ پـۆلیس ده‌ڵێت ته‌قینه‌وه‌كه‌ سه‌ر له‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ له‌ گۆڕه‌پانی قه‌ره‌باڵغی ئه‌لحه‌مزه‌ ڕوویدا، كاتێـك كه‌ پاسه‌كانی ناو گۆڕه‌پانه‌كه‌ ڕێچكه‌یان به‌سـتبوو بۆ گواسـتنه‌وه‌ی خه‌ڵكی بۆ سه‌ركاره‌كانیان.

شـایانی باسه‌ گه‌ڕه‌كی ئه‌لسه‌در بنكه‌ی به‌هێزی سوپای ئه‌لمه‌هدیـیه‌ سه‌ر به‌ مه‌لای شیعه‌ی توندڕه‌و موقته‌دا ئه‌لسه‌در.

هاوكات له‌شـكری ئه‌مریكا ده‌ڵێت هێزه‌كانی كه‌سێـكی گرنگیان ده‌سـتگیركردووه‌ كه‌ گومانی لێده‌كرێت په‌یوه‌ندی هه‌بێت به‌ هێزی قودسی سه‌ر به‌ سوپای پاسدارانی ئێران. له‌شـكر ده‌ڵێت ئه‌و كه‌سه‌ له‌میانی هه‌ڵمه‌تێـكی به‌ره‌به‌یانی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌دا له‌ شـاری كه‌ربه‌لا ده‌سـتگیركراوه‌.

كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكا به‌رده‌وام ئێران به‌ دابینكردنی پـشتیوانی بۆ میلیشـیا شیعه‌كانی عێراق تۆمه‌تبار ده‌كه‌ن.

هاوكات سوپای ئه‌مریكا له‌ چه‌ند هه‌ڵمه‌تێـكدا له‌ بابل و ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا 19 چه‌كداری گومان لێـكراویان ده‌سـتگیركردووه‌ و هه‌روه‌ها ده‌ستیان به‌سه‌ر عه‌مبارێـكی گه‌وره‌ی چه‌ك و ته‌قه‌مه‌نیشدا گرتووه‌.

هه‌روه‌ها سوپای ئه‌مریكا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ هه‌واڵی كوژرانی 8 سه‌ربازی خۆی ڕایگه‌یاند، كه‌ شه‌شیان له‌ به‌غدا كوژراون و دووانه‌كه‌ی تریان له‌ پارێزگای سه‌ڵاحه‌دین.

XS
SM
MD
LG