Accessibility links

سوننه‌ و شیعه‌كانی عێراق له‌ سه‌ر به‌رده‌وامبوونی وتووێژه‌كانی ئاشتی نێوانیان ڕێـكده‌كه‌ون


شـانزه‌ ڕێبه‌ری ڕكابه‌ری گروپه‌كانی سوننه‌ و شیعه‌ له‌ عێراق ڕازیبوون ده‌ستبكه‌نه‌وه‌ به‌ گفتوگۆكانی ئاشتبوونه‌وه‌ و كار بۆ ئاشـتیـیه‌كی به‌رده‌وام بكه‌ن.

عێراقیـیه‌كان چوار ڕۆژ به‌ نهێنی له‌ فینله‌ندا گفتوگۆیان له‌گه‌ڵ ئه‌و دیبلۆماتانه‌دا كردووه‌ كه‌ یارمه‌تیـیان له‌ به‌رقه‌راركردنی ئاشتی له‌ ئێرله‌ندای باكور و ئه‌فریقای باشور داوه‌. دیبلۆماتانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان و سه‌رۆكی پـێشـووی فینله‌ندا مارتی ئاتیساری كۆبوونه‌وه‌كانیان ڕێـكخسـتبوو.

به‌شـداربووانی كۆبوونه‌وه‌كان له‌ به‌یانـنامه‌یه‌كدا ڕایانگه‌یاند كه‌وا كاربه‌ده‌سـتانی عێراقی ڕازیبوون ده‌ستـبكه‌نه‌وه‌ به‌ گفتوگۆكان سه‌باره‌ت به‌ به‌شـداربوون له‌ ده‌سه‌ڵات و وازهێنان له‌ توندوتیژی وه‌ك ڕێـگایه‌ك بۆ چاره‌سه‌ركردنی جیاوازی سـیاسـیـیان.

هه‌روه‌ها نوێنه‌ره‌كان گوتیان ئه‌وان كار بۆ كۆتایـیهێنان به‌ ده‌ستـتێوه‌ردانی نێونه‌ته‌وه‌یی و ناوچه‌یی له‌ كاروباره‌كانی عێراق ده‌كه‌ن. گوتیشـیان ئه‌و كرده‌وه‌ له‌شـكریـیانه‌ی له‌لایه‌ن هێزه‌كانی بیانیـیه‌وه‌ ئه‌نجام ده‌درێت مافه‌كانی مرۆڤی عێراقی پـێشـێـل ده‌كات، وه‌ ده‌بێت ڕابگیرێت.

حكومه‌تی عێراقی تا ئێسـتا هیچ لـێدوانێـكی سه‌باره‌ت به‌م كۆبوونه‌وانه‌ی فینله‌ندا نه‌داوه‌.

یاسادانه‌ری ئێرله‌ندای باكور جێفری دۆناڵدسۆن ده‌ڵێت ڕێـكـكه‌وتنه‌كه‌ له‌ هه‌مان ئه‌و ڕێـكـكه‌وتنه‌ ده‌چێت كه‌ توانی پاش زیاتر له‌ 30 سـاڵی توندوتیژی نێوان پـرۆتسـتانت و كاثۆلیك ئاشتی له‌ ئێرله‌ندای باكور به‌رقه‌رار بكات.

XS
SM
MD
LG