Accessibility links

هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌ كۆشـكی به‌سره‌ ده‌كشێنه‌وه‌


سه‌ربازانی عێراقی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئاڵای وڵاته‌كه‌یان له‌سه‌ر كۆشـكی به‌سره‌ به‌رزكرده‌وه‌، ئه‌و شوێنه‌ی كه‌ باره‌گایه‌كی سه‌ره‌كی هێزه‌كانی به‌ریتانیا بوو. هه‌روه‌ها پاسه‌وانانی عێراقی له‌ ناوندی به‌سره‌ بڵاوبوونه‌وه‌ پاش ئه‌وه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیا له‌و شـاره‌ی باشوری عێراق كشـانه‌وه‌.

نزیكه‌ی 550 سه‌ربازی به‌ریتانی ناوشـاری به‌سره‌یان جێهێشت و په‌یوه‌ندیـیان به‌و 5 هه‌زار سه‌ربازه‌ی تری وڵاته‌كه‌یان كرد كه‌ له‌ فڕۆكه‌خانه‌یه‌كی ده‌ره‌وه‌ی شـاره‌كه‌ جێـگیرن.

وه‌زاره‌تی به‌رگری به‌ریتانیا گوتی كاربه‌ده‌سـتانی له‌نده‌ن پـێشـبینی ده‌كه‌ن هه‌موو به‌رپـرسـیارێتیـیه‌ ئاسایشیـیه‌كانی پارێزگای به‌سره‌ له‌ مانگه‌كانی داهاتوودا بده‌نه‌وه‌ ده‌ست هێزه‌ عێراقیـیه‌كان.

سه‌رۆك وه‌زیری به‌ریتانیا گۆردن بڕاون نكۆڵی له‌وه‌ كرد كه‌ ئه‌م كشـانه‌وه‌یه‌ی هێزه‌كانی به‌ریتانیا شـكستهێنانێـك بێت. به‌ڕێز بڕاون به‌ ڕادیۆی BBC گوت ئه‌م هه‌نگاوه‌ پـێشـتر نه‌خشه‌ی بۆ كێشراوه‌. گوتیشی هێزه‌كانی به‌ریتانیا ئاماده‌ن بۆ هه‌موو كارێـك ئه‌گه‌ر باری ئاسایشی له‌و شـاره‌دا پـێویست بكات.

XS
SM
MD
LG