Accessibility links

كۆریای باكور ده‌ڵێت ئه‌مریكا قایل بووه‌ به‌وه‌ی له‌نێو لیستی وڵاتانی پـشتگیركار له‌ تێرۆریزم لابه‌رێت


كۆریای باكور ده‌ڵێت وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا مه‌سه‌له‌ی لابردنی كۆریای باكوری له‌نێو لیستی وڵاتانی پـشتگیركار له‌ تێرۆریزمی په‌سه‌ندكردووه‌.

له‌و باره‌یه‌وه‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئاژانسی فه‌رمی هه‌واڵه‌كانی ناوه‌ندی كۆریای باكور گوتوویه‌تی دوای وتووێـژه‌كانی ناوه‌كی له‌ ژنێڤ كه‌ ڕۆژی شه‌ممه‌ی ڕابردوو له‌نێوان به‌رپـرسـانی باڵای وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا و پـیۆنگیانگ سـازدرا، وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا بڕیاری لابردنی كۆریای باكوری له‌نێو لیستی وڵاتانی پـشتگیریكار له‌ تێرۆریزمی دا.

ئاژانسی هه‌واڵه‌كانی ئاماژه‌ پـێدراو له‌ زاری گوته‌بێژێـكی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی كۆریای باكور ده‌گێڕێته‌وه‌ و ده‌ڵێت له‌ هه‌مان كاتدا وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا ئه‌وه‌شی په‌سه‌ندكردووه‌ كه‌ سه‌رجه‌م سـزاكانی ئابوری سه‌ر كۆریای باكور هه‌ڵـبگرێت.

وێڕای ئه‌وه‌ی مه‌سه‌له‌ی تێرۆریزم له‌میانه‌ی وتووێژه‌كانی پـرۆگرامی ناوه‌كی پـیۆنگیانگ چه‌ند ڕۆژێـك له‌مه‌وبه‌ر له‌ ژنێڤ وتووێـژی له‌ باره‌وه‌ كرا، به‌ڵام هێشـتا واشـنتۆن هه‌واڵه‌كه‌ی پـشتڕاست نه‌كردووه‌.

ئه‌وه‌ی شـایانی باسه‌ كرستۆفه‌ر هێـڵ نێـردراوی ئه‌مریكا بۆ وتووێـژه‌كانی ناوه‌كی كۆریای باكور ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ڕایگه‌یاند پـێونگیانگ ئاشـكراكردنی هه‌موو پـرۆگرامی ناوه‌كی خۆی په‌سه‌ند كردووه‌. هه‌روه‌ها به‌ڕێز هێڵ ده‌شـڵێت كۆریای باكور تا كۆتایی ئه‌مسـاڵ ئه‌و پـرۆگرامه‌ی له‌كار ده‌خات.

هاوكات كیم كای كوانی به‌رپـرس له‌ وتووێـژه‌كانی ناوه‌كی كۆریای باكور ئه‌وه‌ی پـشتڕاستكرد پـیۆنگیانگ ئاماده‌یه‌ سه‌رجه‌م پـرۆگرامی ناوه‌كی خۆی بخاته‌ ڕوو، به‌ڵام ئاماژه‌ی نه‌دا به‌وه‌ی كه‌ ئایا كه‌ی ئه‌و كاره‌ جێبه‌جێ ده‌كات.

XS
SM
MD
LG