Accessibility links

حكومه‌تی عێراقی داوا له‌ میلیشـیاكانی تر ده‌كات وه‌كو سوپای مه‌هدی چالاكیـیه‌كانیان ڕابگرن


حكومه‌تی عێراقی داوای له‌ گروپه‌ چه‌كداره‌كانی وڵاته‌كه‌ی كرد په‌یڕه‌وی میلیشـیاكانی سوپای مه‌هدی بكه‌ن و چالاكیـیه‌كانیان ڕابگرن.

دره‌نگانێـكی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ و له‌ به‌یانـنامه‌یه‌كدا ئۆفیسی سه‌رۆك وه‌زیر نوری ئه‌لمالیكی بڕیاری ڕاگرتنی چالاكیـیه‌كانی سوپای مه‌هدی له‌لایه‌ن موقته‌دا ئه‌لسه‌دری به‌ هه‌لێـكی باش دانا بۆ میلیشـیاكانی دیكه‌ش چالاكیـیه‌كانیان ڕابگرن تاوه‌كو پارێزگاری له‌ سه‌قامگیری و سه‌روه‌ری عێراق بكرێت.

شـایانی باسه‌ مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ موقته‌دا ئه‌لسه‌در ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ فه‌رمانی دا به‌ میلیشـیاكانی چالاكیـیه‌كانیان بۆ ماوه‌ی 6 مانگ ڕابگرن.

چه‌كداره‌كانی سوپای مه‌هدی كه‌ جلوبه‌رگی ڕه‌ش ده‌پـۆشن و به‌ شێوه‌یه‌كی ئاسایی ڕۆژانه‌ له‌ گه‌ڕه‌كی سه‌دری شـاری به‌غدا خاڵی پـشـكنیـنیان داده‌نا، ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ له‌ شه‌قامه‌كان نه‌ده‌بینران.

هه‌روه‌ها له‌شـكری ئه‌مریكاش پـێـشوازی له‌و ڕاگه‌یاندنه‌ی موقته‌دا ئه‌لسه‌در كرد.

فه‌رمانده‌كانی له‌شـكری ئه‌مریكا به‌رپـرسـیارێتی زۆر له‌و هێرشـانه‌ی كه‌ له‌م دوایـیانه‌دا ده‌كرانه‌ سه‌ر هێزه‌كانی ئه‌مریكا و سوننه‌كانی عێراق ده‌خه‌نه‌ ئه‌سـتۆی ئه‌و تاقمه‌ شه‌ڕانگێزانه‌ی ناو سوپای مه‌هدی.

له‌ پـێشـهاته‌یه‌كی تردا، ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق هۆشـیار زێباری گوتی حكومه‌تی عێراقی هه‌نگاوی مه‌زنی بۆ باشـكردنی باری ئاسایش له‌ وڵاته‌كه‌دا ناوه‌. هه‌روه‌ها ئومێدیشی خواست ڕێبه‌ره‌ عێراقیـیه‌كان به‌روپـێشـچوونی زیاتر له‌ پـرۆسه‌ی ئاشـتبوونه‌وه‌ی نیشـتـیمانیدا به‌ده‌ستبهێنن پـێش ئه‌و ڕاپـۆرته‌ی كه‌ مانگی داهاتوو به‌ كۆنگرێسی ئه‌مریكا ده‌درێت.

شـایانی باسه‌ فه‌رمانده‌ی گشتی هێزه‌كانی ئه‌مریكا له‌ عێراق ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد پـێترایوس و باڵیۆزی ئه‌مریكا بۆ عێراق ڕایان كرۆكه‌ر له‌ مانگی نۆدا له‌ به‌رده‌م كۆنگرێس ڕاپـۆرت و گه‌واهی خۆیان سه‌باره‌ت به‌ باری سـیاسی و ئاسایشی عێراق ده‌ده‌ن.

XS
SM
MD
LG