Accessibility links

موقته‌دا ئه‌لسه‌در فه‌رمانی ڕاگرتنی چالاكی میلشـیاكانی خۆی ده‌دات


مه‌لای توندڕه‌وی شیعه‌ئاینزای عێراقی موقته‌دا ئه‌لسه‌در فه‌رمانی به‌ میلیشـیاكانی سوپاكه‌ی، سوپای مه‌هدی، داوه‌ سه‌رجه‌م جموجۆڵ و چالاكیـیه‌كانیان بۆ ماوه‌ی شه‌ش مانگ ڕابگرن.

له‌و باره‌یه‌وه‌ یاریده‌ده‌رێـكی موقته‌دا ئه‌لسه‌در ده‌ڵێت له‌نێو ئه‌و جموجوڵانه‌ی كه‌ ڕاده‌گیرێن چالاكی له‌شـكریش له‌خۆ ده‌گرێت.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ كاربه‌ده‌سـتانی ئاسایشی عێراقی ده‌ڵـێن له‌و شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌ی كه‌ ڕۆژی سێشه‌ممه‌دا له‌ شـاری پـیرۆزی كه‌ربه‌لا به‌رپا بوو میلیشـیاكانی له‌یه‌نگری موقته‌دا ئه‌لسه‌در به‌شـداریـیان كردبوو. ئه‌و شه‌ڕ و پـێـكدادانه‌ی كه‌ بوونه‌ مایه‌ی كوژرانی 52 كه‌س.

هه‌رچی میلیشـیاكانی موقته‌دا ئه‌لسه‌دره‌ نكۆڵیـیان كردووه‌ له‌وه‌ی به‌شـداریـیان له‌و پـێـكدادانانه‌دا كردبێت.

هه‌ر له‌و باره‌یه‌وه‌ نوری ئه‌لمالیكی سه‌رۆك وه‌زیری عێراقی ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ سه‌ردانی شـاری كه‌ربه‌لای كرد و گوتی هێمنی و ئاسایش بۆ شاره‌كه‌ گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌.

هه‌ر ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ كاربه‌ده‌سـتانی ئێرانی ناڕه‌زایی‌یان سه‌باره‌ت به‌ ده‌سـتگیركردنی 8 ئێرانی له‌ به‌غدا ده‌ربڕی، كه‌ بۆ ماوه‌یه‌كی كورت له‌لایه‌ن هێزه‌كانی ئه‌مریكاوه‌ له‌ به‌غدا ده‌ستبه‌سه‌ركران.

سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌ له‌شـكری ئه‌مریكایی ده‌ڵێت ده‌سـتگیركراوانی ئێرانی كه‌ دووانیان پاسـپۆرتی دیبلۆماسـیـیان پـێــیه‌ له‌گه‌ڵ 7 كه‌سی عێراقیدا گیران، ئه‌مه‌ش دوای ئه‌وه‌ی سه‌ربازانی ئه‌مریكایی بۆیان ده‌ركه‌وت ئه‌و كه‌سـانه‌ چه‌كیان پـێبووه‌ بێ ئه‌وه‌ی مۆڵه‌تی هه‌ڵـگرتنی چه‌كیان پـێبووبێت.

شـایانی باسه‌ یاریده‌ده‌رێـكی فه‌رمانده‌یه‌كی باڵای ئه‌مریكایی مه‌خابنی سه‌باره‌ت به‌ ڕووداوه‌كه‌ ده‌ربڕی.

XS
SM
MD
LG