Accessibility links

بڕیاره‌ ئێران و ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم جارێـكی تر وتووێژ بكه‌ن


میدیاكانی ئێران ده‌ڵێن ئه‌م هه‌فته‌یه‌ كاربه‌ده‌سـتانی وڵاته‌كه‌یان و چاودێره‌ ناوه‌كیـیه‌كانی نه‌ته‌وه‌ یه‌كگرتووه‌كان به‌مه‌به‌ستی وتووێـژكردن سه‌باره‌ت به‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌ی ئێران كۆده‌بنه‌وه‌.

ئێران ده‌ڵێت جواد وه‌عیدی جێـگری گه‌وره‌ وتووێـژكاری ناوه‌كی ئێران له‌گه‌ڵ ئۆڵی هێنۆنێن جێـگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم له‌ تاران ڕۆژانی دووشه‌ممه‌ و سێشه‌ممه‌ كۆده‌بێته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆم (IAEA) فشـار ده‌كات بۆ دانانی كامێرای چاودێری له‌ كارگه‌ی ناتانزی ئێرانی بۆ پـیتاندنی یۆرانیۆم.

مانگی شه‌ش ئێران قایل بوو به‌وه‌ی هاوكاریكردنی له‌گه‌ڵ ئاژانسی نێونه‌ته‌وه‌یی وزه‌ی ئه‌تۆمدا باشتر بكات، ئه‌ویش به‌ ڕێـگه‌دانی زیاتر بۆ چاودێریكردنی ده‌زگا ناوه‌كیـیه‌كانی له‌لایه‌ن ئه‌و ئاژانسه‌وه‌، وه‌ له‌ 30 ی مانگی حه‌وتیشـدا ڕێـگه‌ی به‌ شاره‌زایانی ئاژانسه‌كه‌ دا سه‌ردانی ڕیئاكتۆری ناوه‌كی ئاوی قورس له‌ ئاراك بكه‌ن.

ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ش عه‌لی ئه‌زغه‌ر سوڵـتانیـیه‌ نوێنه‌ری ئێران له‌ IAEA گوتی تاران "به‌بێ وه‌سـتان" له‌ژێر چاودێری IAEA له‌ به‌رنامه‌ ناوه‌كیـیه‌كه‌یدا به‌رده‌وام ده‌بێت.

شـایانی باسه‌ پـێشـتر تاران هه‌موو ئه‌و بڕیارانه‌ی ڕه‌تكردۆته‌وه‌ كه‌ داوای لێده‌كات پـیتاندنی یۆرانیۆم ڕابگرێت.
وڵاتانی ڕۆژئاوا له‌وه‌ ده‌ترسن كه‌ ئێران ئه‌و یۆرانیۆمه‌ پـیتێنراوه‌ بۆ دروسـتكردنی چه‌كی ناوه‌كی به‌كاربهێنێت، تارانیش ئه‌وه‌ ڕه‌تده‌كاته‌وه‌.

XS
SM
MD
LG