Accessibility links

عێراق: به‌لایه‌نی كه‌م 400 كه‌س له‌ ته‌قینه‌وه‌كانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی شه‌نگال كوژراون


وه‌زیری ناوخۆی عێراق ده‌ڵێت ژماره‌ی زیانه‌ گیانیـیه‌كانی ته‌قینه‌وه‌كانی ڕۆژی سێشه‌ممه‌ی شه‌نگال گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 400 كه‌س.


ئه‌و چوار ئۆتۆمبیله‌ بارهه‌ڵـگره‌ی كه‌ له‌ دوو گوندی ئێزدیـیه‌كان ته‌قێنرانه‌وه‌ به‌ كوشـنده‌ترین هێرش داده‌نرێت له‌وه‌تای له‌ سـاڵی 2003 وه‌ عێراق به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا داگیركراوه‌.

تا ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ش سه‌رباز و پـۆلیسی عێراقی و هه‌روه‌ها خه‌ڵـكانی خۆبه‌خش به‌رده‌وامبوون له‌ ده‌رهێنانی ته‌رمی قوربانیـیه‌كان له‌ ژێر داروپه‌ردوی شوێنه‌ ڕوخاوه‌كاندا. به‌ سه‌دان بریندار له‌سه‌رانسه‌ری نه‌خۆشـخانه‌كانی ناوچه‌كه‌ چاره‌سه‌ر ده‌كرێن.

فه‌رمانده‌ له‌شـكریـیه‌كانی ئه‌مریكا قاعیده‌ به‌ ئه‌نجامده‌ری ئه‌و هێرشه‌ تاوانبار ده‌كه‌ن، وه‌ ده‌ڵێن ئه‌م هێرشه‌یان به‌مه‌به‌ستی بنكۆڵـكردنی ئه‌و به‌ره‌وپـێشـچوونه‌ ئه‌نجامداوه‌ كه‌ هێزه‌ ئه‌مریكی و عێراقیـیه‌كان به‌ده‌سـتیان هێناوه‌.

شـایانی باسه‌ ئێزدی یه‌كێـكه‌ له‌ ئاینه‌ دێرینه‌كانی كورد، وه‌ یاخیبووانی سوننه‌ په‌یڕه‌وانی ئه‌م ئاینه‌ به‌ كافر له‌قه‌ڵه‌م ده‌ده‌ن.


له‌ هه‌واڵێـكی دیكه‌ی عێراقدا، به‌یانی ڕۆژی پـێـنجشه‌ممه‌ ئۆتۆمبیلێـكی بۆمبڕێژكراو له‌ پاڵ بازاڕێـكدا له‌ به‌غدا ته‌قیـیه‌وه‌، به‌لایه‌نی كه‌م 7 كه‌س كوژران و 15 كه‌سی تریش برینداربوون.

له‌شـكری ئه‌مریكاش ڕایگه‌یاند كه‌وا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ و له‌ئاكامی شه‌ڕێـكدا له‌ باكوری به‌غدای پایته‌خت 2 سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون و 6 ی دیكه‌ش برینداربوون.

XS
SM
MD
LG