Accessibility links

پـێنج سه‌ربازی ئه‌مریكی له‌ عێراق ده‌كوژرێن


له‌شـكری ئه‌مریكا له‌ عێراق ده‌ڵێت له‌ ته‌قینه‌وه‌یه‌كدا له‌ میانه‌ی شه‌ڕدا له‌ باشوری به‌غدای پایته‌خت چوار سه‌ربازی ئه‌مریكی كوژراون و چواری دیكه‌ش برینداربوون.

به‌یانـنامه‌یه‌ك ڕۆژی یه‌كشه‌ممه‌ ئه‌م هه‌واڵه‌ی ڕایگه‌یاند و گوتی ته‌قینه‌وه‌كه‌ له‌ میانه‌ی كرده‌وه‌ سه‌ربازیـیه‌كانی ڕۆژی شه‌ممه‌دا ڕوویداوه‌.

له‌ ڕووداوێـكی تردا له‌شـكر گوتی سه‌ربازێـك به‌ چه‌كی سـوك كوژراوه‌ له‌و ده‌مه‌ی پاسه‌وانی له‌ ناوچه‌یه‌كی باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غدا ده‌كرد.

هه‌روه‌ها ڕۆژی شه‌ممه‌ بۆمبێـكی لاڕێ پارێزگار و سه‌رۆكی پـۆلیسی پارێزگای دیوانیـیه‌ی كوشـتووه‌. دیوانیـیه‌‌ ناوچه‌یه‌كی شیعه‌نشینه‌ و كه‌وتۆته‌ باشوری عێراق.

كارمه‌ندانی ته‌ندروسـتی گوتیان سێ له‌ پاسه‌وانه‌كانی پارێزگاریش له‌ ڕووداوه‌كه‌دا كوژراون.

ده‌سه‌ڵاتدارن پاش هێرشه‌كه‌ بڕیاری قه‌ده‌غه‌كردنی هاتوچۆیان له‌ پارێزگای دیوانیـیه‌ دا.

شـایانی باسه‌ دیوانیـیه‌ ناوچه‌یه‌كه‌ تیایدا ململانه‌ی ناوخۆیی میلیشـیا شیعه‌كان په‌ره‌ی سه‌ندووه‌، وه‌ به‌رده‌وام هێزه‌ ئاسایشـیـیه‌كانی به‌ ڕێبه‌رایه‌تی ئه‌مریكا له‌ ناوچه‌كه‌دا بوونه‌ته‌ ئامانجی هێرشه‌كان.

هاوكات وه‌زیری دادی ئه‌مریكا ئه‌لبێرتۆ گۆنزالز ڕۆژی شه‌ممه‌ گه‌یشته‌ به‌غدا به‌مه‌به‌ستی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی وه‌زاره‌تی داد ئه‌وانه‌ی كه‌ له‌ عێراق كار ده‌كه‌ن بۆ چاكردنی سـیسـتمی یاسایی ئه‌و وڵاته‌.

XS
SM
MD
LG