Accessibility links

سه‌رۆكی پاكسـتانی له‌ بڕیاری به‌شـداریكردنی له‌ كۆنگره‌ی ئاشـتی له‌ ئه‌فغانستان پاشـگه‌ز ده‌بێته‌وه‌


سه‌رۆكی پاكسـتانی په‌روێز موشه‌ره‌ف له‌ كۆنگره‌یه‌كی ئاشتی كه‌ بڕیاره‌ له‌ ئه‌فغانسـتان بـبه‌سترێت كشـایه‌وه‌.
كۆبوونه‌وه‌كه‌ به‌ مه‌به‌ستی یه‌كخستـنی ڕێبه‌ره‌ خۆجه‌یـیـه‌كان‌‌ له‌ دژی چه‌كداره‌كانی تاڵیبان سـازده‌كرێت.

به‌یانـنامه‌یه‌كی وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ی پاكسـتان ڕایگه‌یاند كه‌وا ڕۆژی چوارشه‌ممه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ره‌ف په‌یوه‌ندیـیه‌كی ته‌له‌فونی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی ئه‌فغانی حامید كارزای كردووه‌ و پـێی ڕاگه‌یاندووه‌ كه‌وا له‌به‌ر سـه‌رقاڵی بوونی له‌ ئیسلام ئاباد ناتوانێت ئاماده‌ی كۆنگره‌كه‌بێت، وه‌ سه‌رۆك وه‌زیرانی پاكستان شه‌وكه‌ت عه‌زیز شوێنی ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ره‌ف له‌ كۆنگره‌كه‌ ده‌گرێته‌وه‌.

باڵیۆزی ئه‌فغانستان له‌ وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا سه‌عید ته‌یب جه‌واد به‌ ده‌نگی ئه‌مریكای گوت كه‌وا سه‌رۆك كارزای هه‌وڵی داوه‌ سه‌رۆك موشه‌ره‌ف قایل بكات به‌وه‌ی ڕای خۆی بگۆڕێت.

هه‌روه‌ها وڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكاش ده‌خوازێت سه‌رۆك موشه‌ره‌ف به‌شـداری كۆبوونه‌وه‌كان بكات. كاربه‌ده‌سـتانی ئه‌مریكی ده‌ڵێـن ئه‌وان له‌ په‌یوه‌ندیـدا بوون له‌گه‌ڵ ده‌سه‌ڵاتدارانی پاكسـتانی تاوه‌كو قسه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ بكه‌ن كه‌ ئایا سه‌رۆك موشه‌ره‌ف ئاماده‌ی به‌شـێـكی ئه‌و كۆنگره‌ چوار ڕۆژیـیه‌ ده‌بێت یان نا.

شـایانی باسه‌ ژه‌نه‌ڕاڵ موشه‌ره‌ف و به‌ڕێز كارزای سـاڵی ڕابردوو له‌ میوانداری سه‌رۆك بوش له‌ كۆشـكی سـپـی له‌سه‌ر سـازكردنی ئه‌م كۆنگره‌ی ئاشـتیـیه‌ ڕێـكـكه‌وتن.

XS
SM
MD
LG