Accessibility links

هێزه‌كانی پـۆلیسی لوبنان ڕێبه‌رێـكی باڵای فه‌تح ئه‌لئیسلام ده‌كوژن


حكومه‌تی لوبنانی ڕایگه‌یاند هێزه‌كانی پـۆلیس ڕێبه‌رێـكی باڵای میلیشـیای فه‌تح ئه‌لئیسلامیان كوشـتووه‌، كه‌ له‌ شه‌ڕدان له‌گه‌ڵ سـوپای لوبنانیدا له‌ ئۆردوگایه‌كی په‌نابه‌رانی فه‌له‌سـتینین له‌ باكوری لوبنان.

دره‌نگانێـكی ڕۆژی دووشه‌ممه‌ وه‌زیری ناوخۆی لوبنانی حه‌سه‌ن ئه‌لسه‌بع به‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ڕاگه‌یاند كه‌ جێـگری فه‌رمانده‌ی میلیشـیای فه‌تح ئه‌لیسلام ناسراو به‌ ئه‌بو هوره‌یره‌ هه‌فته‌ی ڕابردوو له‌ ئه‌نجامی شه‌ڕه‌ ته‌قه‌یه‌ك له‌گه‌ڵ هێزه‌كانی پـۆلیسدا له‌ شـاری ته‌ڕابلوس كوژرا و هاوڕێـیه‌كی برینداربوو.

به‌ڕێز ئه‌لسه‌بع گوتیشی كه‌ له‌ ڕێـگه‌ی تاقیكردنه‌وه‌ی DNA ته‌رمی ئه‌و فه‌رمانده‌ له‌شـكریـیه‌ ناسراوه‌ته‌وه‌ و هه‌روه‌ها له‌لایه‌ن خێزانه‌كه‌شـیـیه‌وه‌ ناسراوه‌ته‌وه‌.

میلیشـیای فه‌تح ئه‌لئیسـلام كه‌ ئێسـتا له‌ژێر گه‌مارۆی سـوپای لوبنانیدان له‌ یه‌كێـك له‌ قوژبنه‌كانی ئۆردوگای نه‌هر ئه‌لبارد به‌رده‌وام موشه‌كی كاتیۆشـایان گرتۆته‌ ناوچه‌كانی ده‌وروبه‌ری ئه‌و ئۆردوگایه‌ و له‌ ئاكامدا قوربانیانی سـڤیلی لێ كه‌وتۆته‌وه‌.

شـایانی باسه‌ شه‌ڕی ئۆردوگای نه‌هر ئه‌لباردی نزیك شـاری ته‌رابلوس كه‌ له‌ 20 ی مانگی پـێـنجی ڕابردوو هه‌ڵـگیرسـابوو هه‌تا ئێسـتا پـتر له‌ 200 كوژراوی لێـكه‌وتۆته‌وه‌ كه‌ له‌ ناویاندا پـتر له‌ 125 سه‌ربازی لوبنانی تیادایه‌.

XS
SM
MD
LG