Accessibility links

به‌رنامه‌ی کورد له تاراوگه‌: گفتوگۆیه‌ک له‌گه‌ڵ سه‌ربه‌ست که‌رکوکی سه‌باره‌ت به‌ مه‌ڵبه‌ندی کورد له له‌نده‌ن


بۆ ئه‌ڵقه‌ی ئه‌مجاره‌ی به‌رنامه‌ی کورد له تاراوگه‌، سه‌ربه‌ست که‌رکوکی به‌ڕێوبه‌ری ئیداری مه‌ڵبه‌ندی کورد له له‌نده‌ن باس له ئامانجی دامه‌زراندنی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ و کاروباره‌کانی ده‌کات، هه‌روه‌هاش باس له کۆمه‌ڵگای کورد له له‌نده‌ن ده‌کات.

به‌ڕێز که‌رکوکی ده‌ڵێت مه‌ڵبه‌ندی کورد له له‌نده‌ن له ساڵی 1985 دا دامه‌زراوه‌ و پێشتر له ساڵی 1983 ه‌وه‌ له لایه‌ن چه‌ند که‌سایه‌تی‌یه‌کی ناوداری کورد که دانیشتووی له‌نده‌ن بوون، هه‌وڵی دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌نده‌که‌ دراوه‌. ئه‌و که‌سایه‌تی‌یانه‌ش وه‌ک خوالێخۆشبوان مامۆستا ته‌وفیق وه‌هبی و مامۆستا ئیبراهیم ئه‌حمه‌د و هه‌روه‌ها مامۆستایان موحسین دزه‌یی و مامۆستا هاوار و د. شه‌فیق قه‌زاز و دارا عه‌تار که زۆر چالاک بووه.

دامه‌زراندنی مه‌ڵبه‌نده‌که‌ بۆ ئه‌وه‌بوو که هه‌موو کورده‌کان پێکه‌وه‌ کاربکه‌ن و پێکه‌وه‌ یه‌ک شوێنی‌یان هه‌بێت. به‌ڕێز سه‌ربه‌ست که‌رکوکی ده‌ڵێت مه‌به‌سته‌ سه‌ره‌کی‌یه‌کانی دامه‌زراندنی ئه‌و مه‌ڵبه‌نده‌ بریتی بوون له‌وه‌ی یه‌که‌م، خه‌باتی خه‌ڵکی هه‌موو ناوچه‌ کوردییه‌کان یه‌کگرتوو بێت. دووه‌م، ببنه‌ پشتیوانی‌یه‌کی گه‌وره‌ بۆ بزوتنه‌وه‌ی ڕزگاریخواز له ناوه‌وه‌ی ووڵات له هه‌ر به‌شێکی کوردستان‌دا بێت. سێهه‌م، خزمه‌تگوزاری ڕۆژانه‌ بۆ کورده‌کان دابین بکه‌ن به‌ تایبه‌تی یارمه‌تی په‌نابه‌ری و نیشته‌جێ بوون بۆ ئه‌و که‌سانه‌ دابین بکه‌ن که‌ داوای په‌نابه‌رییان کردووه‌ و ئاواره‌ بوون.‌

‌ به‌ڕێز که‌رکوکی له میانه‌ی گفتوگۆکه‌شدا سه‌باره‌ت به‌ ڕه‌وشی کورده‌کان له به‌ریتانیا گوتی نزیکه‌ی 4000 کورد به‌هۆی تاوانکاری جۆرا و جۆره‌وه‌ له زیندان‌دان و ئه‌مه‌ بێ له‌وانه‌ی که‌ کێشه‌ی په‌نابه‌رییان هه‌یه‌.

بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی ڕاپۆرته‌که‌، کرته‌ له‌سه‌ر ئه‌و لینکه‌ یان به‌سته‌ره‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ بکه.

XS
SM
MD
LG