به‌ره‌ی عێراقی هه‌ڕه‌شه‌ی كشانه‌وه له پرۆسه‌ی سیاسی عێراق ده‌كات ئه‌گه‌ر هاتوو داواكانیان جێبه‌جێ نه‌كرێت. هه‌ندێك له ڕاكان ده‌ڵێن سونه‌كان بیانوو ده‌گرن و هه‌ندێ له ڕاكانی تریش ده‌ڵێن عێراق به قه‌یرانێكی سیاسی یه‌كجار سه‌خت‌دا تێده‌په‌ڕێت و له‌وانه‌یه ببێته هۆی هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی حكومه‌تی مالكی.
د. فوئاد مه‌عسوم سه‌رۆكی فراكسیۆنی كورد له په‌رله‌مانی عێراق ده‌ڵێت ته‌وافوق گله‌ییان هه‌یه و گله‌ییه‌كانیان به‌شێكی له جێگه‌ی خۆیدایه‌تی. هه‌روه‌ها ده‌ڵێت " ئێمه وه‌ك به‌ره‌ی هاوپه‌یمانی كوردستانی به هه‌مان شێوه گله‌ییمان له حكومه‌ت هه‌یه، به‌ڵام جیاوازییه‌كه ئه‌وه‌یه هاوپه‌یمانێتی كوردستانی ده‌یه‌وێت له ڕێگه‌ی گفتوگۆی ڕاسته‌وخۆ و ڕه‌خنه‌گرتنی ڕاسته‌وخۆوه بگه‌ینه چاره‌سه‌رێك بۆ ئه‌و كێشانه‌ی هه‌یه، به‌ڵام له لای ته‌وافوق وانی‌یه."
د. فوئاد له درێژه‌ی قسه‌كانیدا گوتی له نێوان ته‌وافوق و ئیئتیلاف‌دا هه‌ر جیاوازی سیاسی نی‌یه به‌ڵكو جیاوازی مه‌زهه‌بی و كێشه‌ی دێرینی زۆر هه‌یه وه‌ك ئه‌و كێشه‌یه‌ی هه‌یانه له‌سه‌ر پارێزگای ئه‌نبار و كه‌ربه‌لا كه ده‌ڵێن به‌شێكی زۆر له زه‌وی و زاری كه‌ربه‌لا له كاتی خۆیدا خراوه‌ته سه‌ر ئه‌نبار.
بۆ گوێگرتن له ته‌واوی گفتوگۆكه، كلیكی ئه‌و لینكه‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه بكه.