پردێکی شاڕێی هه‌شت هێڵی له‌سه‌ر ڕووباری میسیسیپی له شاری مینیاپۆڵس ڕووخا. پردی " I - 35W " له ئێواره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه و له کاتی ته‌واوبوونی خه‌ڵکی له‌سه‌ر کاره‌کانیان له‌م شاره‌ی ویلایه‌تی مینه‌سۆتای ناوه‌ڕاستی خۆرئاوای ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا ڕووخا. کاربه‌ده‌ستانی نه‌خۆشخانه‌کان ده‌ڵێن به لایه‌نی که‌مه‌وه 7 که‌س گیانی له ده‌ستداوه و 60 که‌س برینداربووه. هه‌روه‌ها چاره‌نوسی 20 که‌سیش دیار نی‌یه و .باوه‌ڕده‌کرێت ژماره‌ی قوربانی‌یه‌کان زیاد بکه‌ن
ده‌ستبه‌جێ هۆکاری ڕووخانی ئه‌و پرده و به‌ش به‌ش بوونی بۆ چه‌ند پارچه‌یه‌کی کۆنکریتی گه‌وره ئاشکرا نه‌بوو. هه‌ندێ له‌و به‌شه کۆنکریتیانه‌ش به نزیکه‌ی قوڵایی 20 مه‌تر که‌وتونه‌ته ناو ئاوی ڕووباره‌که‌وه. به‌ڵام کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن له ماوه‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوودا، پرۆژه‌ی چاککردنی ساڵانه‌ی پرده‌که به‌ڕێوه‌چووه. ئه‌م پرده له ساڵی 1967 دا دروستکراوه واتا ته‌مه‌نی 40 ساڵ ده‌بێت و به پێی ده‌زگای گواستنه‌وه و گه‌یاندنی مینه‌سۆتا، ئه‌و پرده له ساڵی 2005 و 2006 دا پشکێنراوه. به‌ڵام له ڕاپۆرتێکی فیدراڵی ساڵی 2005 دا، ئاماژه دراوه به‌وه‌ی که بناغه‌ی پرده‌که کێشه‌ی تیادا دروست بووه و له‌وانه‌یه پرده‌که پێویستی به گۆڕان بێت. وه‌زاره‌تی ئاسایشی ناوخۆش ده‌ڵێت هیچ نیشانه‌یه‌کی هێرشی تیرۆریزمی له‌م ڕووداوه‌دا به‌دی ناکرێت.
وێنه ته‌له‌فزیۆنی‌یه‌کان نیشانی ده‌ده‌ن که‌وا ژماره‌یه‌کی زۆر له ئۆتۆمبیل که‌وتۆته ناو ئاوه‌که‌وه یان له نێوان پاشماوه‌ی ڕووخاوی پرده‌که‌دا گیرییان خواردووه. ژماره‌ی ئه‌و ئۆتۆمبیلانه‌ش که که‌وتونه‌ته ناو ئاوه‌که‌وه به 50 ئۆتۆمبیل ده‌خه‌مڵێنرێت.
کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن لۆرییه‌کی گه‌وره له کاتی ڕووخانی پرده‌که‌دا، که‌وتۆته نێوان دوو به‌شی که‌رت بووی پرده‌که و گڕی تێبه‌ربووه. پاسێکی قوتابخانه‌ش له‌و کاته‌دا له‌سه‌ر پرده‌که بووه و زۆربه‌ی منداڵه‌کانی ناوی ڕزگارییان بووه. هه‌روه‌ها شه‌مه‌نده‌فه‌رێکی بارهه‌ڵگریش له کاتی ڕووداوه‌که‌دا به ژێر پرده‌که‌دا تێپه‌ڕبووه و بووه به دوو به‌شه‌وه.
کارمه‌ندانی ده‌زگای فریاگوزاری و ئاگرکوژێنه‌وه تاوه‌کو ئه‌و کاته‌ی شه‌و به‌سه‌ریاندا هات له هه‌وڵێکی به‌رده‌وامدا بوون بۆ ڕزگارکردنی ئه‌و که‌سانه‌ی که‌وتونه‌ته ناو ڕووباره‌که‌وه و یان له نێوان پاشماوه‌ی ڕووخاوی پرده‌که‌دا گیرییان خواردووه. به‌ڵام ئێستا هیوای دۆزینه‌وه‌ی ڕزگاربوانیان نه‌ماوه و ته‌نها به شوێن ته‌رمی قوربانی‌یه دیارنه‌ماوه‌کاندا ده‌گه‌ڕێن.