Accessibility links

دیپلۆماتێكی ئه‌مه‌ریكی دڵنیایه‌ له‌وه‌ی هیندستان تاقیكردنه‌وه‌ی ناوه‌كی ئه‌نجام نادات

  • Steven Herman

باڵیۆزی ئه‌مه‌ریكا له هیندستان ده‌ڵێت ده‌قی به‌ڵگه‌نامه‌كه‌ی ئه‌و ڕێكه‌وتنامه‌ مێژوویی‌یه‌ی نێوان واشنتۆن و نیودلهی بۆ هاوكاری ناوه‌كی سیڤیڵی له ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی داهاتوودا بڵاوده‌كرێته‌وه‌.

ڕێكه‌وتنامه‌كه له دوو ساڵ دوای دانوستاندنی ته‌كنیكی به‌رده‌وام له ڕۆژی هه‌ینی‌‌دا ڕاگه‌یه‌ندرا، به‌ڵام ده‌نگۆی ئه‌وه‌ هه‌یه‌ كه هیندستان ئه‌و مافه‌ی خۆی له ده‌ست بدات بۆ ئه‌نجامدانی تاقیكردنه‌وه‌ی چه‌كی ناوه‌كی له داهاتوودا.

باڵیۆز ده‌یڤد مه‌ڵفۆرد له هیندستانه‌وه‌ بۆ ڕۆژنامه‌وانان له ویلایه‌تی ویسكانسن ی ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا قسه‌ی كرد و گوتی واشنتۆن پێشبینی ده‌كات چیتر هیندستان تاقیكردنه‌وه‌ی ئه‌تۆمی ئه‌نجام نه‌دات.

تاقیكردنه‌وه‌ ناوه‌كی‌یه‌كانی هیندستانیش له ساڵانی 1974 و 1988 دا بوونه‌ هۆی ئه‌وه‌ی هیندستان له بازاڕی كه‌ره‌سته‌ی ناوه‌كی سیڤیڵی جیهانی جودا بكرێته‌وه‌. ئه‌م ڕێكه‌وتنه‌ی نێوان ئه‌مه‌ریكا و هیندستانیش به‌ ڕێكه‌وتنی 1-2-3 ناسراوه. به‌ پێی ڕێكه‌وتنه‌كه‌، هیندستان كه پێویستی‌یه‌كی زۆری به‌ ووزه‌ هه‌یه، یارمه‌تی له ووڵاته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكاوه‌ وه‌رده‌گرێت بۆ به‌رفراوانكردنی به‌رنامه‌ی ووزه‌ی ناوه‌كی ووڵاته‌كه‌ی. هه‌روه‌ها ڕێگه‌ به‌ هیندستان ده‌درێت، سووته‌مه‌نی ئه‌تۆمی به‌كاربهێنێته‌وه‌ كه‌ به هه‌نگاوێكی سه‌ره‌كی دروستكردنی چه‌كی ناوه‌كی داده‌نرێت.

باڵیۆز مه‌ڵفۆرد هۆشداری هیندستانیش ده‌دات له به‌رامبه‌ر یاسادانه‌رانی ئه‌مه‌ریكی، كه ده‌بێت ڕێكه‌وتنامه‌كه‌ په‌سه‌ند بكه‌ن، و ده‌ڵێت هه‌ڵوێستی نیودلهی له به‌رامبه‌ر توندكردنی په‌یوه‌ندییه‌ ئاسایشی و ئابورییه‌كانی له‌گه‌ڵ ئێران‌دا له‌وانه‌یه‌ كاربكاته‌ سه‌ر بڕیاری یاسادانه‌ران. هه‌روه‌ها گوتیشی ده‌بێت به‌ هۆشیارییه‌وه‌ چاودێری په‌یوه‌ندی نێوان هیندستان و ئێران بكرێت و ئه‌ندامانی كۆنگرس لێی بكۆڵنه‌وه‌ به‌ تایبه‌تی له‌م كاته‌دا كه نزیك بونه‌ته‌وه‌ له ده‌نگدان بۆ ڕێكه‌وتنامه‌ی 1-2-3 .

XS
SM
MD
LG