Accessibility links

عێراق جامی پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی ئاسیا ده‌باته‌وه‌


کاربه‌ده‌ستانی عێراقی ده‌ڵێن له پێش ده‌ستپێکردنی یاری خولی کۆتایی پاڵه‌وانێتی تۆپی پێی ئاسیا له‌ نێوان عێراق و سعودییه‌ که له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا له جه‌کارتا به‌ڕێوه‌چوو، ئاسایش له ناوچه‌ جیاجیاکانی ووڵات‌دا توندکرا‌. یارییه‌که‌ به‌ سه‌رکه‌وتنی عێراق کۆتایی پێهات به‌ یه‌ک به‌رامبه‌ر به‌ سفر.

ده‌سه‌ڵاتداران ده‌ڵێن له پێش ده‌ستپێکردنی یارییه‌که‌ و دوا به‌ دوای ته‌واوبونیشی‌، هاتوچۆی ئۆتۆمبیل و ته‌قه‌کردن به‌ ئاسمان له‌ هه‌ندێ له ناوچه‌کانی عێراق قه‌ده‌غه‌ کرابوون.

به‌ڵام دوا به‌ دوای ته‌واوبوونی یارییه‌که‌، عێراقیه‌کان ڕژانه‌وه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان و ته‌قه‌ی خۆشیان به‌ ئاسماندا کرد سه‌رباری قه‌ده‌غه‌کردنی له لایه‌ن ده‌سه‌ڵاتدارانه‌وه‌.

جێی باسه‌، دوا به‌ دوای یارییه‌که‌ی هه‌فته‌ی ڕابردوو له نێوان عێراق و کۆریای باشوردا، 50 که‌س گیانی له ده‌ستدا و 130 که‌سی دیکه‌ برینداربوون کاتێک هه‌زاره‌ها عێراقی ڕژانه‌ سه‌ر شه‌قامه‌کان بۆ ده‌ربڕینی خۆشی خۆیان به‌ بۆنه‌ی بردنه‌وه‌ی عێراق له‌و یارییه‌دا.

له ده‌ره‌وه‌ی پایته‌ختیش، کاربه‌ده‌ستانی له‌شکری ئه‌مه‌ریکی گوتویانه‌ هێزه‌کانی هاوپه‌یمان 8 تیرۆریستیان کوشتووه‌ و 22 گومانلێکراوی دیکه‌شیان بریندارکردووه‌ له میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌ له ناوچه‌کانی ناوه‌ندی عێراق له دژی قاعیده‌ ئه‌نجامیانداوه‌.

له‌شکر گوتیشی له ڕۆژانی چوارشه‌ممه‌ و پێنج شه‌ممه‌دا و له هه‌ڵمه‌ته‌‌کانی نزیک مقدادییه، سه‌ربازه‌کان 7 تیرۆریستیان کوشتووه‌ و یه‌کێکی دیکه‌شیان ده‌ستگیر کردووه.

هه‌روه‌ها له‌ ڕۆژی شه‌ممه‌دا، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی گوتی هێزه‌کانی هاوپه‌یمان 16 گومانلێکراوی تیرۆریستی قاعیده‌یان ده‌ستگیرکردووه‌.‌

XS
SM
MD
LG