Accessibility links

ئه‌مه‌ریکا ڕێکه‌وتنێکی نوێی چه‌کی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست ڕاده‌گه‌یه‌نێت


کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێن چاوه‌ڕێ ده‌کرێت به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش داوا له‌ کۆنگرس بکات ئه‌و ڕێکه‌وتنه بازرگانی‌یه‌ په‌سه‌ند بکه‌ن که تایبه‌ته‌ به‌ فرۆشتنی چه‌ک به‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ و ووڵاتانی دیکه‌ی که‌نداوی عه‌ره‌بی و به‌شێکی له‌به‌ر ئه‌وه‌ی بتوانن به‌ گژی زۆربوونی کاریگه‌ری ئێران له‌ ناوچه‌که‌دا بچنه‌وه‌.

کاربه‌ده‌ستانی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش ده‌ڵێن ئه‌و ڕێکه‌وتنه‌ی باسی لێده‌کرێت به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ بایی 20 ملیار دۆلاره‌ و به‌ پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه‌ چه‌کی زۆر پێشکه‌وتوو به‌ ووڵاتانی ناوبراو ده‌فرۆشرێت و له نێویاندا بۆمب هاویژی سه‌ته‌لایتی واتا له ڕێگه‌ی سه‌ته‌لایته‌وه‌ نیشانه‌کانی دیاری ده‌کات.

هه‌روه‌ها پێشبینی ده‌کرێت، به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش پێشنیاری دانی یارمه‌تی‌یه‌کی بڕی 10 ملیار دۆلاری به‌ ئیسرائیل بکات و هه‌روه‌هاش یارمه‌تی‌ بڕی 13 ملیار دۆلار بۆ میسر له ماوه‌ی 10 ساڵدا دابین بکه‌ن.

کاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێن واشنتۆن ده‌یه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌کانیان له‌گه‌ڵ هاوپه‌یمانه‌‌کانیان له ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست به‌هێز بکه‌ن بۆ خۆپاراستن له دژی ئێران که ئه‌مه‌ریکا تاوانباری ده‌کات به‌وه‌ی هه‌وڵی دروستکردنی چه‌کی ناوه‌کی ده‌دات.

ئه‌م ڕێکه‌وتنی فرۆشتنی چه‌که‌ی له‌گه‌ڵ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌‌دا ساز ده‌کرێت بۆته‌ مایه‌ی نیگه‌رانبوونی ئیسرائیل. به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوشیش هاوکات ده‌ڵێت نیگه‌رانه‌ له‌ به‌رامبه‌ر ئه‌وه‌ی که‌ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ نه‌یتوانیوه‌ پشتیوانی له‌ حکومه‌تی عێراقی بکات.

پێشبینی ده‌کرێت ئه‌م رێکه‌وتنه‌ له‌م هه‌فته‌یه‌دا ڕابگه‌یه‌ندرێت له پێش سه‌ردانه‌که‌ی وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ کۆنده‌لیزا رایس و وه‌زیری به‌رگری رۆبه‌رت گه‌یتس بۆ عه‌ره‌بستانی سعودییه‌ و میسر. خانم رایس و به‌ڕێز گه‌یتس به‌ نیازن فشار بخه‌نه‌ سه‌ر دراوسێ عه‌ره‌به‌ سونه‌کانی عێراق که‌ په‌یامێکی پۆزتیڤانه‌ بنێرن بۆ پشتگیریکردن له‌ حکومه‌تی عێراقی.

XS
SM
MD
LG