سه‌رۆك بوش ده‌ڵێت گروپی تیرۆریستی ئه‌لقاعیده له عێراق په‌یوه‌ندییه‌كی نزیكی به تۆڕی سه‌ره‌كی قاعیده‌وه هه‌یه كه له لایه‌ن بن لادنه‌وه ڕێبه‌رایه‌تی ده‌كرێت.
له میانه‌ی ووتارێكدا كه له ویلایه‌تی كارۆلینای باشور پێشكه‌شی ئه‌ندامانی له‌شكری كرد، سه‌رۆك بوش گوتی ئه‌لقاعیده له عێراق له لایه‌ن ئه‌و تیرۆریسته بیانی‌یانه‌وه به‌ڕێوه ده‌برێت كه لایه‌نگری ڕێكخراوه‌كه‌ی بن لادنن. هه‌روه‌ها گوتی ئه‌لقاعیده له عێراق و تۆڕی سه‌ره‌كی ئه‌لقاعیده ده‌یانه‌وێت عێراق بكه‌نه بنكه‌ی سه‌ره‌كی هه‌ڵمه‌ته تیرۆریستی‌یه‌كانیان. سه‌رۆك گوتیشی كشانه‌وه‌ی سه‌ربازه ئه‌مه‌ریكی‌یه‌كان له عێراق كاریگه‌رییه‌كی زۆر خراپی له‌سه‌ر ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا ده‌بێت.
به‌ڕێز بوش گوتی له جێی خۆیه‌تی ئه‌گه‌ر بڵێین شه‌ڕی عێراق بووه هۆی زیادبوونی تیرۆریزم. به‌ڵام له پێش ساڵی 2003 واتا له پێش ده‌ستپێكردنی شه‌ڕی عێراقه‌وه، ئه‌مه‌ریكا كرایه ئامانجی هێرشه تیرۆریستی‌یه‌كان و ڕێكخراوی قاعیده هێشتاش سووره له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی جارێكی دیكه هێرش بكاته‌وه سه‌ر ئه‌مه‌ریكا.
هاوكاتیش، ڕاوه‌گرتنێكی گشتی نوێ نیشانیداوه كه‌وا خه‌ڵكی ئه‌مه‌ریكا ناڕازیین له به‌رامبه‌ر چۆنێتی مامه‌ڵه‌كردنی سه‌رۆك بوش و دیموكراته‌كانی كۆنگرس له‌گه‌ڵ مه‌سه‌له‌ی عێراق‌دا.