Accessibility links

هه‌ڵبژاردنه‌ په‌رله‌مانتارییه‌کانی تورکیا له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا به‌ڕێوه‌ ده‌چێت


ده‌نگده‌رانی تورکیا له ڕۆژی یه‌کشه‌ممه‌دا به‌ره‌و سندوقه‌کانی ده‌نگدان به‌ڕێ ده‌که‌ون به‌ مه‌به‌ستی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانێکی نوێ که له داهاتوودا حکومه‌تی نوێی ووڵات داده‌مه‌زرێنێت.

بۆ ده‌ستکه‌وتنی 550 کورسی په‌رله‌مانیش، پتر له 12 پارتی سیاسی و ژماره‌یه‌ک که‌سایه‌تی سه‌ربه‌خۆ له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا خۆیان کاندید کردووه‌. هاوکاتیش باوه‌ڕێکی زۆر له‌ نێو خه‌ڵکی ووڵاته‌که‌دا بڵاوبۆته‌وه‌ و ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌ که‌ داهاتووی ووڵاته‌که‌ له مه‌ترسیدایه‌.

ده‌نگده‌رانی تورکیاش به‌ مه‌به‌ستی گه‌یاندنی ده‌نگی خۆیان، له‌ هه‌موو کاتێکی دیکه‌ زیاتر به‌ په‌رۆشی به‌شداربوونن له‌م هه‌ڵبژاردنانه‌دا.

پارتی ده‌سه‌ڵاتداری داد و پێشکه‌وتن که‌ به‌ " AKP " ناسراوه، به‌وپه‌ڕی توانایانه‌وه‌ هه‌وڵی بڵاوکردنه‌وه‌ی دروشمی پارته‌که‌یان ده‌دات و ڕێبه‌ره‌که‌یان ره‌جه‌ب ته‌یب ئۆردوگان ده‌نگی خۆی به‌ ده‌نگده‌ران د‌ه‌گه‌ینێت.

پارتی ناوبراو شانازی به‌ خۆیانه‌وه‌ ده‌که‌ن و ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ دووپات ده‌که‌نه‌وه‌ که‌ بۆ تورکیایان ئه‌نجامداوه‌ له بواره‌کانی ئابوری و فراوانکردنی بازرگانی بیانی و هه‌روه‌ها ئه‌نجامدانی ووتوێژه‌کان سه‌باره‌ت به‌ ئه‌ندامبوون له یه‌کێتی ئه‌وروپادا.

بزاڤکاری پارتی " AKP " به‌ ناوی شه‌یما ده‌ڤو‌چی ده‌ڵێت "حوکمڕانی ووڵاته‌که‌ له لایه‌ن پارته‌که‌یه‌وه‌ له ماوه‌ی چوار ساڵ و نیوی ڕابردوودا شایه‌تی سه‌رکه‌وتنه‌کانیانن. هه‌روه‌هاش ئه‌و قسه‌وباسانه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ سه‌باره‌ت به‌وه‌ی پارتی داد و پێشکه‌وتن هه‌وڵی دامه‌زراندنی ده‌وڵه‌تێکی ئیسلامی ده‌دات. "

ڕه‌خنه‌گران و لایه‌نه‌کاتی تری ئۆپۆزسیۆن وه‌ک پارتی گه‌لی کۆماری بۆچوونێکی دیکه‌یان هه‌یه‌. ئۆیا تومێر بزاڤکاری پارتی گه‌لی کۆماری که به " CHP " ناسراوه ده‌ڵێت "پارتی داد و پێشکه‌وتن کارنامه‌یه‌کی نهێنی‌یان هه‌یه‌ و پێمانی ڕاناگه‌یه‌نن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یانه‌وێت ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئیسلام حوکمڕانی ووڵاته‌که‌ بکات."

بۆ گوێگرتن له درێژه‌ی ئه‌م ڕاپۆرته که له لایه‌ن په‌یامنێری ده‌نگی ئه‌مه‌ریکا سۆنیا په‌یس له ئه‌سته‌نبوله‌وه‌ نێراوه‌، کلیکی ئه‌و ئۆدیۆ فایله‌ی سه‌ره‌وه‌ی ئه‌م لاپه‌ڕه‌یه‌ بکه‌.‌

XS
SM
MD
LG