Accessibility links

له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ئه‌ندامێکی باڵای قاعده‌ له عێراق ده‌ستگیر ده‌کات


له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ده‌ڵێت ڕۆژی چواری مانگی حه‌وت ئه‌ندامێکی باڵای ئه‌لقاعیده‌یان له شاری موسڵی باکور عێراق ده‌ستگیرکردووه. کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن خالد ئه‌لمه‌شهه‌دانی که‌ به‌ ئه‌بو شاهید ناسراوه، له نێو ڕێبه‌رانی باڵای ئه‌لقاعیده‌ ئاستێکی مام ناوه‌ندی هه‌بووه‌.

ژه‌نه‌ڕاڵی له‌شکری ئه‌مه‌ریکی، کێڤن بێرگنه‌ر له به‌غدا گوتی باوه‌ڕده‌کرێت مه‌شهه‌دانی باڵاترین ئه‌ندامی عێراقی تۆڕی قاعیده‌ بێت له ناو عێراق‌دا و هه‌روه‌ها یاریده‌ده‌ری نزیکی ئه‌بو ئه‌یوب ئه‌لمسری‌یه‌ که به‌ڕه‌چه‌ڵه‌ک خه‌ڵكی میسره‌ و ڕێبه‌رایه‌تی قاعیده‌ ده‌کات له ناو عێراق‌دا.

ژه‌نه‌ڕاڵ بێرگنه‌ر گوتیشی مه‌شهه‌دانی وه‌ک لایه‌نێکی نێوه‌ند بۆ ڕێبه‌ری باڵای قاعیده له ناو عێراق ئه‌بو ئه‌یوب ئه‌لمیسری و ڕێبه‌رانی سه‌ره‌کی باڵای قاعیده‌ ئوسامه‌ بن لادن و نوێنه‌ره‌که‌ی ئه‌یمه‌ن ئه‌لزه‌واهری کاری کردووه.

‌ ساڵی ڕابردوو، مه‌شهه‌دانی و ئه‌بو ئه‌یوب ئه‌لمیسری ده‌ستیان به‌ ڕێکخراوێک کرد که‌ له‌ ڕێگه‌ی ئینته‌رنێته‌وه ڕاگه‌یاندنه‌کانی بڵاوده‌کرده‌وه‌ و ئه‌و گروپه‌ خۆیان به‌ گروپێکی سه‌ر به‌ قاعیده‌ داده‌نا و ناوی‌ کۆماری ئیسلامی عێراقیان له گروپه‌که‌یان هێنابوو.

له‌م باره‌یه‌وه‌، ژه‌نه‌ڕاڵ بێرگنه‌ر ده‌ڵێت ئه‌م گروپه‌ که‌ چه‌کداره‌ بیانی‌یه‌کان و ڕێبه‌رانی سه‌ر به‌ قاعیده‌ له‌ خۆی کۆده‌کاته‌وه‌، ته‌نها مه‌به‌ستیان ئه‌وه‌بووه‌ که به‌رگێکی عێراقی بکه‌ن به ڕێبه‌رایه‌تی قاعیده‌ له عێراق‌دا. هه‌‌روه‌ها گوتی مه‌شهه‌دانی له میانه‌ی لێکۆڵینه‌وه‌کانی له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامدراوه‌ گوتویه‌تی ئه‌بو عومه‌ر ئه‌لبه‌غدادی که‌ خۆی وه‌ک ڕێبه‌ری ئه‌و گروپه‌ ناساندووه، وجودی نی‌یه‌ و ئه‌وه‌ی که‌ ڕاگه‌یاندنه‌کانی به‌ ده‌نگه‌وه‌ بڵاوکراوه‌ته‌وه‌ له ژێر‌ ناوی به‌غدادی، ته‌نها ئه‌کته‌رێک بووه‌ و له ئه‌بو ئه‌لمیسری‌یه‌وه‌ ڕێنومایی کراوه‌.

ژه‌نه‌ڕاڵ بێرگنه‌ر گوتیشی ده‌ستگیرکردنی مه‌شهه‌دانی ئه‌و ڕاستی‌یه‌ی ده‌رخست که‌ ڕێبه‌رانی قاعیده‌ و نه‌ک عێراقی‌یه‌کان بڕیار له‌سه‌ر ئۆپه‌راسیۆنه‌کانی قاعیده‌ له ناو عێراق‌دا ده‌ده‌ن.

هه‌روه‌ها ژه‌نه‌ڕاڵ کێڤن بێرگنه‌ر گوتی ئاشکرایه‌ که قاعیده‌ هانی توندوتیژی‌ نه‌ژادی ه عێراق ده‌دات. هه‌ربۆیشه‌ هێزی هاوپه‌یمانان و له‌شکری عێراق له ناوچه‌کانی ناوه‌وه‌ و ده‌ره‌وه‌ی به‌غدا هه‌ڵمه‌ته‌کانیان چرکردۆته‌وه‌ بۆ به‌گژداچوونه‌وه‌ی قاعیده به‌و ئامانجه‌ی هه‌مان سه‌رکه‌وتن به‌ ده‌ست بهێنن که پێشتر له پارێزگای ئه‌نبار توانیویانه‌ به‌ ئه‌نجامی بگه‌یه‌نن.

XS
SM
MD
LG