له ئاکامی زنجیره ته‌قینه‌وه‌کانی 48 کاتژمێری ڕابردوو له پاکستان 50 که‌س کوژراون، هه‌روه‌ها چه‌کدارانی عه‌شره‌ته‌کان خۆیان له ڕێکه‌وتنامه‌ی ئاشتی مۆرکراو له‌گه‌ڵ حکومه‌ت‌دا کشاندۆته‌وه.
ووته‌بێژی له‌شکری ژه‌نه‌ڕاڵ واحید ئه‌رشه‌د ده‌ڵێت چه‌کداران بۆسه‌یان بۆ کاروانێکی پۆلیس داناوه له کاتێکدا که به بازاڕێکی ناوچه‌ی سوات له باکوری خۆرئاوای پاکستان‌دا تێپه‌ڕیون. به‌ڕێز ئه‌رشه‌د ده‌ڵێت له‌و بۆسه‌یه‌دا، دوو هێرشبه‌ری خۆکوژ خۆیان ته‌قاندۆته‌وه و بۆمبێکی چێنراویش له ناوچه‌که‌دا ته‌قیوه‌ته‌وه. له ئه‌نجام ئه‌م هێرشه‌دا، 13 که‌س کوژراون و 52 که‌سی دیکه بریندار بوون.
له هه‌مان ناوچه‌دا و چه‌ند کاتژمێرێک پاش ڕوودانی ئه‌م هێرشه، ته‌قینه‌وه‌یه‌كی گه‌وره له بنکه‌یه‌کی مه‌شق و ڕاهێنانی پۆلیسی پاکستانی ڕوویداوه و له ئه‌نجامدا 11 که‌س کوژراون.
ڕۆژی شه‌ممه‌ش، هێرشبه‌رێکی خۆکوژ 24 سه‌ربازی پاکستانی له ناوچه‌یه‌کی سه‌ر سنوری نزیک ئه‌فغانستان کوشتووه.
کاربه‌ده‌ستان ده‌ڵێن واپێده‌چێت ئه‌م هێرشانه وه‌ڵامدانه‌وه‌یه‌ک بن بۆ ئه‌و ڕووداوه توندویژییانه‌ی له هه‌فته‌ی ڕابردوودا له مزگه‌وتی سوور له ناوه‌ندی ئیسلام ئاباد ڕوویدا. ئه‌وه‌بوو له ئه‌نجام ڕووداوه‌که‌دا، به لایه‌نی که‌مه‌وه 85 که‌س کوژران.
چه‌کدارانیش له سه‌رانسه‌ری ووڵات‌دا به‌ڵێن به تۆڵه سه‌ندنه‌وه ده‌ده‌ن و هه‌ندێ له گروپه‌کانی سه‌ر به تاڵیبانه‌کان له باکوری ناوچه‌ی وه‌زیرستان گوتویانه له ڕێکه‌وتنامه‌کانی ئاشتی ده‌کشێنه‌وه به‌هۆی ئه‌وه‌ی حکومه‌ت سه‌رپێچی کردووه.
ئه‌وه‌بوو به پێی ئه‌و ڕێکه‌وتنامه‌یه، چه‌کداران ڕازی بووبوون به‌وه‌ی توندڕه‌وه بیانی‌یه‌کان له ووڵاته‌که‌دا ده‌ربکه‌ن به تایبه‌تی ئه‌وانه‌ی ناوچه‌که به‌کارده‌هێنن بۆ په‌ڕینه‌وه بۆ ناو ئه‌فغانستان و هێرش له ناوچه سه‌رسنورییه‌کاندا ئه‌نجام ده‌ده‌ن. چه‌کدارانیش ده‌ڵێن حکومه‌تی پاکستانی هه‌زاره‌ها سه‌ربازی ڕه‌وانه‌ی ناوچه‌کانی سه‌ر سنور کردووه و هێرش ده‌کاته سه‌ر تاڵیبانه‌کانی ناوخۆ و ئه‌مه‌ش سه‌رپێچی کردنه له به‌نده‌کانی ڕێکه‌وتنامه‌که‌ی نێوانیان.