وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مه‌ریكا كۆنده‌لیزا رایس ده‌ڵێت حكومه‌تی عێراقی به‌ره‌وپێشچوونێكی ئه‌وتۆیان به ده‌ست نه‌هێناوه هه‌روه‌ك كاربه‌ده‌ستانی ئه‌مه‌ریكی خواستیان بۆ ده‌كرد. به‌ڵام خانم رایس داوای له كۆنگرس كرد كه ده‌رفه‌تی زیاتر به به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش بده‌ن بۆ ئه‌وه‌ی ئامانجه‌كانی ستراتیژی عێراق بهێننه دی.
خانم رایس له میانه‌ی زنجیره‌یه‌ك چاوپێكه‌وتنی ته‌له‌فزیۆنی ڕۆژی هه‌ینی‌دا ئه‌م تێبینیانه‌یدا له ڕۆژێك پاش ده‌رچوونی ڕاپۆرتێكی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی بوش كه ده‌ڵێت به‌ره‌وپێشچوونه له‌شكری و سیاسی‌یه‌كانی عێراق دیاریكراون. هه‌روه‌ها ڕاپۆرته‌كه ئاماژه‌یدا به‌وه‌ی كه بارودۆخی عێراق سه‌خته و كاركردنی ده‌وێت.
جێی باسه، خانم رایس به نیازه له مانگی داهاتوودا له‌گه‌ڵ وه‌زیری به‌رگری رۆبه‌رت گه‌یتس سه‌ردانی ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست بكه‌ن تاوه‌كو سه‌باره‌ت به ڕه‌وشی عێراق ڕاوێژ به هاوپه‌یمانه‌كانی ئه‌مه‌ریكا بكه‌ن.
ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌رانی ئه‌مه‌ریكا ڕۆژی پێنج شه‌ممه یاسایه‌كیان په‌سه‌ند كرد كه تیایدا بانگه‌شه‌ی كشانه‌وه‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكا له عێراق ده‌كات تاوه‌كو یه‌كی مانگی چواری ساڵی داهاتوو.
ئه‌نجومه‌نی هاوس كه زۆرینه‌یان دیموكراتن به ڕێژه‌ی 223 له به‌رامبه‌ر 201 ده‌نگیان بۆ ئه‌و یاسایه‌دا و بانگه‌شه‌ی سه‌رۆك بوشیان كرد كه ده‌بێت ئاگاداری‌یان بكاته‌وه له هه‌ر مانه‌وه‌یه‌كی دیاریكراوی له‌شكری ئه‌مه‌ریكی به مه‌به‌ستی مه‌شق و ڕاهێنان پێكردنی سه‌ربازه عێراقی‌یه‌كان