Accessibility links

سه‌رۆك بوش داوای پشوودرێژی زیاتر له كۆنگرس ده‌كات


سه‌رۆك بوش جارێكی تر داوای له كۆنگرسی ئه‌مه‌ریكا كرد كه تاوه‌كو مانگی نۆی داهاتوو ڕاوه‌ستن بۆ بینینی سوودی زیادكردنی ژماره‌ی سه‌ربازه‌كانی له عێراق.

به‌ڕێز بوش ڕۆژی سێشه‌ممه‌ له ویلایه‌تی ئۆهایۆ ووتارێكی پێشكه‌ش كرد و گوتی شكست هێنان له عێراق، ده‌رئه‌نجامی خراپی بۆ داهاتووی ئه‌‌مه‌ریكا ده‌بێت. هه‌روه‌ها داوای له كۆنگرس كرد كه‌ چاوه‌ڕێی ڕاپۆرتی فه‌رمانده‌ی باڵای له‌شكری له عێراق، ژه‌نه‌ڕاڵ ده‌یڤد په‌ترییه‌س، بكه‌ن كه‌ سه‌باره‌ت به‌ به‌ره‌وپێشچوونه‌كان له عێراق له 15 ی مانگی نۆی داهاتوودا پێشكه‌شی ده‌كات.

ئه‌م ووتاره‌ی سه‌رۆك بوش له كاتێكدا دێت كه‌ سه‌رۆك ڕووبه‌ڕووی فشارێكی زۆر ده‌بێته‌وه‌ له لایه‌ن ئه‌ندامانی پارته‌كه‌ی خۆی، پارتی كۆماری و هه‌روه‌ها ئه‌نجومه‌نی سینات كه له‌ میانه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه‌دا دانوستاندن له‌سه‌ر خه‌رجیاتی له‌شكری ووڵات ده‌كه‌ن.

سیناتۆری كۆماری ئۆڵه‌مپیا سنۆو گوتی ئه‌و به‌ لایه‌وه‌ شتێكی چاوه‌ڕوانكراوه‌ ئه‌گه‌ر ببینێت ژماره‌یه‌كی زیاتری كۆمارییه‌كان داوای كشانه‌وه‌یه‌کی خشته‌دانراوی له‌شكری ئه‌مه‌ریكی له عێراق بكه‌ن.

هه‌روه‌ها سێ سیناتۆری دیكه‌ی كۆماری وه‌ك ریچارد لوگه‌ر، جۆرج ڤۆینۆڤیچ و پیت دۆمینسینی ڕایانگه‌یاند كه‌وا چیتر ناتوانن پشتگیری سه‌رۆك له عێراق بكه‌ن و له‌به‌رئه‌وه‌ داوایان له سه‌رۆك كردووه‌ ده‌ست به‌ كه‌مكردنه‌وه‌ی ژماره‌ی هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریكی له عێراق بكات.

هاوكاتیش، ڕاوه‌رگرتنێكی گشتی ئه‌مه‌ریكا نیشانیداوه‌ كه‌ ژماره‌ی ئه‌و كه‌سانه‌ی له دژی شه‌ڕی عێراقن له به‌رزترین ئاست‌دایه‌.

XS
SM
MD
LG