له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌ی بۆمبی لاڕێ له به‌غدای پایته‌ختی عێراق، دوو سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی كوژراون و دووانی تریش بریندار بوون.
له به‌یاننامه‌یه‌كی له‌شكری ئه‌مه‌ریكی‌دا ڕاگه‌یه‌ندراوه كه ئه‌و بۆمبه‌ی له‌م ته‌قینه‌وه‌یه‌دا به‌كاریان هێناوه پێشكه‌وتوو بووه و ته‌نانه‌ت توانای تێكشكاندنی زرێ پۆشیشی هه‌بووه. پێشتریش، له‌شكر ئێرانی تاوانباركردووه به‌وه‌ی كه چه‌ك بۆ یاخیبوانی عێراق دابین ده‌كه‌ن.
له‌شكری ئه‌مه‌ریكی ڕاشیگه‌یاند كه‌وا ئه‌و هه‌لیكۆپته‌ره‌ی ڕۆژی چوارشه‌ممه له پارێزگای موسڵ له باكوری عێراق كه‌وته خوارێ به‌هۆی به‌ركه‌وتنی به ته‌لی كاره‌باوه بووه. هه‌روه‌ها ده‌ڵێن هیچ نیشانه‌یه‌ك نی‌یه بۆ ئه‌وه‌ی كه هه‌لیكۆپته‌ره‌كه له لایه‌ن یاخیبووانه‌وه خرابێته خوارێ. ئه‌وه‌بوو له ئاكامی ئه‌و ڕووداوه‌دا، سه‌ربازێكی ئه‌مه‌ریكی كوژراو دانه‌یه‌کی تریش برینداربوو.
له لایه‌كی دیكه، ڕۆژنامه‌ی واشنتۆن پۆست ڕایگه‌یاندوو كه ژماره‌ی قوربانی‌یه‌كانی توندوتیژییه نه‌ژادییه‌كان له به‌غدا بۆ دووه‌م مانگه به‌رز بۆته‌وه و زیاتره له‌وه‌ی له مانگی یه‌كی ڕابردوودا كه‌وتۆته‌وه.
ڕۆژنامه‌كه ده‌ڵێت به پێی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عێراقی، ژماره‌ی ئه‌و ته‌رمانه‌ی له مانگی شه‌ش دا له‌سه‌ر شه‌قامه‌كاندا دۆزراونه‌ته‌وه و ناسنامه‌كانیان ئاشكرا نی‌یه، گه‌یشتۆته 453 كه‌س.
هاوكاتیش، ڕۆژنامه‌ی ناوبراو گوتویه‌تی سه‌رجه‌می ئه‌و قوربانی‌یانه‌ی له ئاكامی ته‌قینه‌وه‌كان و ڕووداوه توندوتیژییه‌كانیشدا كه‌وتونه‌ته‌وه له چاو سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا نزم بۆته‌وه.
له به‌ره‌وپێشچوونێكی تریشدا، هێزه‌كانی هاوپه‌یمان 15 گومانلێكراوی ئه‌لقاعیده‌یان ده‌ستگیركردووه و دووانی تریشیان ده‌ستگیركردووه له میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌ی له به‌غدا و ناوچه‌كانی تر له عێراق ئه‌نجامیانداوه. له نێو ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌ستگیركراون، یه‌كێكیان تیادایه به ناوی "كارگێڕ ئه‌میر" كه باوه‌ڕده‌كرێت به‌رپرسی یارمه‌تی لۆجستیكی و دارایی ئه‌لقاعیده بێت له عێراق‌دا.