Accessibility links

ئۆتۆمبیلێکی گڕدار خۆی ده‌کات به‌ ناو تێرمیناڵی سه‌ره‌کی فڕۆکه‌خانه‌ی گلاسگۆ له سکۆتله‌ندا


پۆلیس له شاری گلاسگۆی سکۆتله‌ندا به‌ لایه‌نی که‌مه‌وه‌ دوو که‌سی ده‌ستگیر کردووه‌ پاش ئه‌وه‌ی ئۆتۆمبیلێکی گڕتێبه‌ربووی جۆری " SUV " خۆی کردووه‌ به‌ ناو تێرمیناڵی سه‌ره‌کی فڕۆکه‌خانه‌ی ئه‌و شاره‌دا.

ئاماده‌بووانی شوێنی ڕووداوه‌که‌ ڕاده‌گه‌یه‌نن که‌وا ئۆتۆمبیله‌که‌ له کاتێکدا که به‌ خێراییه‌کی زۆره‌وه‌ به‌ره‌و تێرمیناڵه‌که‌ لێیخوڕیوه‌، گڕدار بووه‌. پاش ڕووداوی پێکدادانی ئۆتۆمبیله‌که‌ به بینای فڕۆکه‌خانه‌که‌دا, ئاگره‌که‌ له تێرمیناڵه‌که‌دا بڵاوبۆته‌وه‌. به‌ڵام تاوه‌کو ئێستا که‌وتنه‌وه‌ی بریندار له‌م ڕووداوه‌ ڕانه‌گه‌یه‌ندراوه‌.

ته‌له‌فزیۆنی به‌ریتانی وێنه‌ی ته‌له‌فۆنی ده‌ستی و ڤیدیۆیی ئه‌و ئۆتۆمبیله‌ گڕتێبه‌ربووه‌ی بڵاو کردۆته‌وه‌ که خۆی کێشاوه‌ به‌ تێرمیناڵی فڕۆکه‌خانه‌‌که‌‌دا و نیشانی ده‌دات که چۆن دووکه‌ڵی ڕه‌ش له شوێنی ڕووداوه‌که‌ به‌رز بۆته‌وه‌.

هاوکات، ده‌سه‌ڵاتداران له گلاسگۆ ده‌ڵێن وه‌ک کردارێکی تیرۆریستی مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌م ڕووداوه‌دا ده‌که‌ن. ده‌ستبه‌جێ دوای ڕووداوی ئاگر که‌وتنه‌وه‌که‌، لێپرسراوان بڕیاری ڕاگرتنی هاتوچۆی ئاسمانی فڕۆکه‌خانه‌ی گلاسگۆیان داو له پاشدا هه‌مان بڕیان بۆ فڕۆکه‌خانه‌کانی تری سکۆتله‌نداش ده‌رکرد.

XS
SM
MD
LG