Accessibility links

کۆنده‌لیزا رایس: جیهان له کۆتایی هێنان به کێشه‌ی دارفور شکستیان هێنا


وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ووڵاته یه‌کگرتووه‌کانی ئه‌مه‌ریکا، خانم کۆنده‌لیزا رایس ده‌ڵێت کۆمه‌ڵگای نێونه‌ته‌وه‌یی شکستیان هێنا له جێبه‌جێکردنی ئه‌رکی سه‌رشانی خۆیان بۆ کۆتایی هێنان به‌ کوشتنکارییه‌کان و توندوتیژییه‌کانی ناوچه‌ی دارفور له سودان.

رایس له میانه‌ی سه‌ردانه‌که‌یدا بۆ پاریس ئه‌م تێبینیانه‌یدا و بڕیاره‌ ڕۆژی دووشه‌ممه‌ ئاماده‌ی کۆنگره‌ی نێونه‌ته‌وه‌یی تایبه‌ت به‌ دارفور ببێت و هه‌ریه‌که‌ له نوێنه‌رانی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان، چین، میسر، کۆمکاری عه‌ره‌بی و یه‌کێتی ئه‌وروپی به‌شداری تیادا ده‌که‌ن.

خانم رایس گوتیشی پێشوازی له‌ هه‌ڵوێستی نوێی حکومه‌تی نوێی فه‌ره‌نسی به‌رامبه‌ر به‌ کێشه‌ی دارفور ده‌کات. هه‌روه‌ها گوتی پێویسته‌ جیهان به‌رده‌وام بێت له فشار خستنه‌ سه‌ر سودان بۆ ئه‌وه‌ی به‌ڵێنه‌کانی خۆی جێبه‌جێ بکات و ڕێگه‌ به‌ ناردنی 20 هه‌زار سه‌ربازی هێزی ئاشتیخوازی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کان و هێزی یه‌کێتی ئه‌فه‌ریکا بۆ ناوچه‌ی دارفور بدات.

به‌ڵام سودان ده‌ڵێت له دژی هه‌موو هه‌نگاوێکی نوێیه‌ که له‌وانه‌یه‌ ببێته‌ هۆی ژێرخستنی هه‌وڵه‌کانی ئێستای ئاشتی له دارفور.

جێی باسه‌، هێزی یه‌کێتی ئه‌فه‌ریکا نزیکه‌ی 7000 سه‌ربازی هێزی ئاشتیخوازی له دارفوردا هه‌یه‌ که تاوه‌کو ئێستا نه‌یانتوانیوه‌ ڕووداوه‌ توندوتیژییه‌کانی ناوچه‌که‌ ڕابگرن.

ڕێکخراوی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانیش ده‌ڵێت نزیکه‌ی 200 هه‌زار که‌س له میانه‌ی ڕووداوه‌ توندوتیژییه‌کانی دارفوردا گیانیان له ده‌ستداوه و زیاتر له 2 ملیۆن که‌سیش بێ ماڵ و شوێن بوون. سودان ده‌ڵێت ئه‌و ژمارانه‌ زیاده‌ڕۆییان تیادا کراوه‌. هه‌روه‌ها ئه‌و تاوانانه‌ ڕه‌ت ده‌کاته‌وه‌ که‌ خراونه‌ته‌ پاڵی سه‌باره‌ت به پشتیوانیکردنی بۆ هێرشکردنه‌ سه‌ر گونده‌کان و کوشتنی خه‌ڵکانی سیڤیڵ له ناوچه‌که‌دا.

XS
SM
MD
LG