ده‌سه‌ڵاتدارانی عێراقی ده‌ڵێن هێرشبه‌رێکی خۆکوژ به خۆی و ئه‌و لۆرییه‌ی لێیخوڕیوه، خۆی ته‌قاندۆته‌وه و به لایه‌نی که‌مه‌وه 16 که‌سی کوشتووه و 70 که‌سی دیکه‌شی له پارێزگای که‌رکوکی باکوری عێراق بریندار کردووه.
هێرشبه‌ره خۆکوژه‌كه ڕۆژی سێشه‌ممه خۆی کردووه به باڵه‌خانه‌یه‌کی حکومی له ناوچه‌ی سه‌لمان پاک له باشوری که‌رکوک‌دا و ته‌قینه‌وه‌كه‌ی ئه‌نجامداوه.
هاوکاتیش، له‌شکری ئه‌مه‌ریکی ڕایگه‌یاند که‌وا 14 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی له میانه‌ی شه‌ڕوپێکدادانه‌کانی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوو له عێراق گیانیان له ده‌ستداوه.
هه‌روه‌ها ڕۆژی پێنج شه‌ممه، بۆمبێکی لاڕێ له به‌غدا ته‌قیوه‌ته‌وه و له ئاکامدا 5 سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی و سێ ووڵاتی سیڤیڵ و وه‌رگێڕێکی عێراقیش گیانیان له ده‌ستداوه.
جێی باسه، به هه‌زاره‌ها سه‌ربازی ئه‌مه‌ریکی له ناوچه‌کانی باکور و باشوری به‌غدا کۆبونه‌ته‌وه و هاوکات هێزه‌كانی ئه‌مه‌ریکی هه‌ڵـمه‌ته‌کانیان بۆ سه‌ر ڕێکخراوی ئه‌لقاعیده له عێراق و چه‌کداره هاوپه‌یمانه‌کانیان پتر کردووه.
له‌شکر ده‌ڵێت به لایه‌نی که‌مه‌وه 41 یاخیبوویان له میانه‌ی ئه‌و هه‌ڵمه‌تانه‌دا له پارێزگای دیاله کوشتووه. له باشوری ڕۆژهه‌ڵاتی به‌غداش، 5 یاخیبووی تر کوژراون و 62 گومانلێکراوی دیکه‌ش له میانه‌ی چه‌ند هه‌ڵمه‌تێکی تردا ده‌ستگیرکراون.