Accessibility links

چاوه‌ڕوان ده‌كرێت حكومه‌تی باری نائاسایی فه‌له‌سـتینی سوێندی یاسایی بخوات


چاوه‌ڕوان ده‌كرێت ڕۆژی شه‌ممه‌ سه‌رۆكی فه‌له‌سـتینی مه‌حمود عه‌باس سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ و ئه‌نجومه‌نی وه‌زیرانی ته‌نگه‌تاوی فه‌له‌سـتین له‌سه‌ر كار دابنێت، پاش ئه‌وه‌ی حكومه‌تی پـێشـووی به‌ ڕابه‌رایه‌تی حه‌ماسی هه‌ڵوه‌شـانده‌وه‌ له‌سه‌ر شه‌ڕی خوێناوی ئه‌و كۆمه‌ڵه‌ كه‌ ده‌رئه‌نجامه‌كه‌ی حه‌ماس ده‌سـتیان گرت به‌سه‌ر كه‌رتی غه‌ززه‌دا.

ڕۆژی هه‌ینی به‌ڕێز عه‌باسی سه‌ر به‌ بزوتنه‌وه‌ی فه‌تح و بنكه‌ له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا، وه‌زیری دارایی پـێشووی فه‌له‌سـتینی سه‌لام فه‌یاضی وه‌كو سه‌رۆك وه‌زیرانی نوێ ده‌سـتنیـشـانكرد پاش لابردنی ئیسـماعیل هه‌نیـیه‌ی سه‌ر به‌ حه‌ماس له‌ پـۆستی سه‌رۆك وه‌زیراندا.

به‌ڵام به‌ڕێز هه‌نیـیه‌ ئه‌و فه‌رمانه‌ی عه‌باسی پـشـتگوێ خسـتووه‌ و ده‌ڵێت حكومه‌ته‌كه‌ی هه‌ر به‌رده‌وام ده‌بێت له‌ كاره‌كانیدا، هه‌روه‌ها داوای ئارامی و یه‌كڕیزی له‌ خه‌ڵـكی فه‌له‌سـتین كرد، ئه‌مه‌ش دوابه‌دوای یه‌ك هه‌فته‌ له‌ شه‌ڕی خوێناوی نێوان حه‌ماس و فه‌تح كه‌ له‌ئاكامدا 110 فه‌له‌سـتینی كوژران.

هاوكات گه‌واهیده‌ران ده‌ڵـێن چه‌كدارانی فه‌تح خۆیان داوه‌ به‌سه‌ر چه‌ند ده‌زگایه‌كی حه‌ماسدا له‌ كه‌ناری ڕۆژئاوا له‌ ناویاندا باڵه‌خانه‌ی په‌رله‌مان له‌ ڕامه‌ڵڵا به‌ڵام هیچ زیانێـك هه‌تا ئێسـتا ئاشـكرا نه‌كراوه‌.

شـایانی ئاماژه‌یه‌ وڵاته‌ زلهێزه‌كانی جیهان له‌گه‌ڵ وڵاتانی عه‌ره‌بی هاوسێی فه‌له‌سـتیندا پـشـتیوانی خۆیان بۆ به‌ڕێز عه‌باس ده‌ربڕیوه‌.

XS
SM
MD
LG